پلاسخارت ھانی ھەولێر و بەغدا دەدات بۆ پەلەكردن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال

لە رۆژانی داھاتوو گۆڕانكاری بەدی بكەین

K24 – ھەولێر:

نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، جینین پلاسخارت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ھەردوو حكومەتی بەغدا و ھەولێری ھاندا بۆ پەلەكردن لە جێبەجێكردنی ھەنگاوەكانی "رێككەوتنی شنگال" و گەشبینی خۆی پێشاندا لە بینینی گۆڕانكاری بەرەو سەقامگیری لە قەزاكە له‌ رۆژانی داھاتوودا و جەختیشیكردەوە لەوەی "شەڕدەكات" لەپێناو سەرخستنی كارەكە.

پلاسخارت، ئەمڕۆ، لە میانی سەردانیدا بۆ پارێزگای نەینەوا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "من دڵخۆشم بەوەی لێرەم لە نەینەوا، دڵخۆشیش بووم بەبینینی تەواوی پێكھاتەكانی شنگال. روونیشیكردەوە "قسەكانیان لە بارەی رێككەوتنەكە بووە".

گوتیشی: سەقامگیری لە قەزای شەنگال كاتێكی زۆری خایاند، بەڵام دەستمان بەو كارە كرد"، جەختیشیكردەوە لە سەر "پەلەكردن لە كاری ئاوەدانكردنەوە و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان" .

روونیشیكردەوە، "گرنگترین شت سەقامگیری و بنیاتنانی پایه‌كانی ئەمنی و ئیدارەی یەكگرتووە". ئاماژەشیكرد، "رێككەوتنەكان ھەرگیز بەتەواوی نین، من لەگەڵ لایەنەكانی بەغدا و ھەولێر قسەم دەكرد و ھانمدەدان بۆ پەلەكردن لە جێبەجێكردنی ھەنگاوەكان لە زه‌مینه‌ی واقیعدا".

پلاسخارت ئاماژەیكرد بەوەی "گرنگترین شت ئەوەبوو من لەگەڵ پێكھاتەكانی جیاجیای كۆمەڵگه‌ی شنگال قسەم كرد". روونیشیكردەوە، "ئەوان ھێشتا ئازاردەچێژن لە دەست لێكه‌وته‌ی رووداوەكان".

پلاسخارت بەردەوام بوو لەسەر قسەكانی و گوتی: "باسی بەرەو پێشەوەچوونمان كرد و ئومێد دەكەین ئەم سەرەتایە لەگەڵ چوونە ژوورەوەی سوپا بێتەكایەوە، لەوانەیە رۆژانی داھاتوو گۆڕانكاری بەدی بكەین.. ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو كەسانەی لە شنگال بەدەست ئەم رەوشەوە دەناڵێنن، قسەم كرد".

پلاسخارت جەختیشیكردەوە لەوەی "خۆی و بەرپرسی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان جەختدەكەنەوە لەسەر زیادكردنی چالاكییەكانیان، بەڵام سەقامگیری و چەسپاندنی ئەمنییان دەوێت".

گوتیشی: "ناكرێت ھەموو لایەك رازی بكەیت... بەڵام ھەموو ھەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ھەموویان لە رێككەوتنەكە دابن".

لە وه‌ڵامی پرسیارێكدا لە بارەی "ھەڕەشەكردن بە چەك لە لایەن ھەندێك لە كۆمەڵە چەكدارەكان، پلاسخارت گوتی: "ھەڕەشەكردن بەچەك رێگایەك نییە بۆ پێشكەوتن، بەتایبەتی لە شنگالدا، كە خەڵكی ئازاریان چه‌شتووە". جەختیشیكردەوە "ئەمە بەرژەوەندی كەسی و حزبی نییە، بەڵكو بەرژەوەندی خەڵكەكەیە... با ھەموویان بزانن زۆر رێگر ھەن لە ناوخۆ و لە دەرەوەدا، بەڵام لە كۆتاییدا دەبێت كارەكە پەیوەست بێت بە بەرژەوەندی خەڵكی شنگال".

گوتیشی: "بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان بۆ قەزاكە سەقامگیری پێویستە.. لەو رەوشەی ئێستا ھەیە ناكرێت ئاوارەكان بگەڕێنەوە".

پلاسخارت روونیكردەوە "پەلەكردن لە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەكان پێویستی بە سەقامگیرییە.. بەداخەوەش لەم ژیانەدا ھیچ دڵنیاییەك نیە، بەڵام من پابەندم بە تەقەڵادان و شەڕكردن لەپێناو ئەگەری سەركەوتنی كارەكە".

نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان گوتی: "دەزانم پەڕجووەكان لە شەوێك و رۆژێكدا روونادەن"، ئاماژەشیكرد بەوەی "رۆڵی راگەیاندن گرنگە بۆ ئەوەی ھەموو عێراقییەكان بزانن، كاتی ئەوە ھاتووە لە شنگال بەرەو پێشەوە بڕۆین، كە پێویستیی بە سەقامگیری ھەیە و ئەمەش خزمەت بەسەقامگیری تەواوی عێراق دەكات".

لە لای خۆیەوە پارێزگاری نەینەوا، نەجم ئەلجبووری لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا گوتی: "شەرەفمەندین بەسەردانی پلاسخارت بۆ پارێزگاكەمان" و ئاماژەی كرد بەوەی "چاوی بەگشت پێكھاتەكانی قەزای شنگال كەوتووە لە ئێزدی و تەواوی ھۆزە عێراقییەكانی شنگال". گوتیشی: "نەتەوەیەكگرتووەكان رۆڵێكی گەورەی ھەیە وبەردەوام دەبێت لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی شنگال".

ھەولێر و بەغدا لە 9ی تشرینی یەكەمی رابردوو گەیشتن بەڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال بە بەڕێوبردنی قەزاكە لە رووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزاری بەشێوەیەكی ھاوبەش.