شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ 200 خێزانی سنووری ئامێدی ئاواره‌ كردووه‌

ئەو خێزانانە روویان كردووه‌ته‌ شارەكان

K24 – ھەولێر:

قایمەقامی قەزای ئامێدی، ئیسماعیل محەمەد ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بە ھۆی چەند بارەبوونەوەی بۆردومانی توركیا بۆ خاكی ھەرێم شەپۆلی ئاواره‌بوونی خەڵك لە گوند و ناوچەكانییان بەردەوامە.

قائیمقامی ئامێدی بە پێگەی "مەعلومە"ی راگەیاندووە، لەو چەند رۆژەی دواییدا زیاتر لە 200 خێزان خانووەكانی خۆیان جێھشتووە و ئاوارە بوونە بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەكانی توركیا بۆ ناوچەكانی باتیفا و كانی ماسی و گوندەكانی ئامێدی.

ئیسماعیل محمەد گوتی: "ئەو خێزانانە پەنایان بردووەتە بەر شارەكان. ئەمەش بووەتە مایەی زیانێكی زۆری ئابووری، چونكە زۆربەی ئەو خێزانانە جوتیارن و كێڵگەی پەلەوەر و كێڵگەی گەورە و باخیان ھەیە و بۆ بژێوی ژیانی خێزانه‌كانیان پشتیان پێدەبەستن".

ئاماژەشیكرد، چەند مانگێكە شەڕی نێوان چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" و ھێزەكانی توركیا كاریگەری لە سەر قەزاكە كردووە، تەنانەت كاریگەری لە سەر كەرتی گەشتوگوزاریش كردووە، لەبەر ئەوەی زۆربەی ھاووڵاتیان دوو دڵن و ترسیان ھەیە لە چەند بارەبوونەوەی بۆردومانە ھەڕەمەكییەكان، كە ھاووڵاتییانی بێگوناهـ  دەبنە قوربانی.