تراژیدیا خێزانییەکان لە ژیانی جۆ بایدن

هاوسەر و کچەکەی بە رووداوی هاتووچۆ لەدەستدا، کوڕە گەورەکەشی بە شێرپەنجەی مێشک

K24 - هەولێر

لە ژیانی پیشەییدا، جۆ بایدن زۆر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام لەپشت ئەو پێکەنینانەی کاتی سەرکەوتن، چەندین چیرۆکی خەمگین و کارەساتبار لە ژیانی خێزانیدا هەن.

جۆ بایدن، لە ژیانی پیشەییدا چەندین پلەی جیاوازی بەرزی دەسەڵاتی بڕیوە: سیناتۆر بووە، پاشان بووەتە سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پیران، دواتر جێگری باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە 2008 بۆ 2016، بەڵام لە ژیانی خێزانیدا رووداوی زۆر خەمگین روویانداوە، کە کارەسات بوون.

بایدن لە ساڵی 1972، هێشتا ئاهەنگی نەگێڕابوو بەبۆنەی بوونی بە سیناتۆر لەپێش تەمەنی 30 ساڵی، کاتێک کارەسات روویدا. دوای تەنیا چەند هەفتەیەک لە گەیشتنی بە ئەنجوومەنی پیران کاتیک چاوەڕوانی دەستبەکار بوون بوو، لە رووداوێکی هاتووچۆدا، هاوژین و کچە ساواکەی لەدەستدا.

دوای چەندین ساڵ لەو کارەساتە و لە ساڵی 2015، بایدن لە زانکۆی یێڵ لە مەراسیمی رێزلێنانی، چیرۆکی ئەو کارەساتەی گێڕایەوە و گوتی "لە واشنتن بووم و خەریکی ئامادەکردنی ستاف بووم، کاتێک تەلەفۆنیان کرد. هاوسەرەکەم و سێ منداڵەکەم خەریکی بازاڕکردن بوون بۆ کریسمس لەکاتێکدا بارهەڵگرێک خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا کێشابوو".

لە ژیاننامەکەیدا، لە ساڵی 2008، بایدن باسی ئەوەی کردووە، چۆن راستەوخۆ هەستی بە شتێک کردووە. دەڵێ کاتێک ڤالێریی خوشکی لەگەڵ براکەیان لە پەیوەندیدا بوو، "رەنگی سپی هەڵگەڕا و گوتی جۆو، با بگەڕێینەوە ویڵمنگتۆن، خێزانەکەت تووشی رووداوێکی سادە بوون، بەڵام من هەستم کرد و گوتم: هاوسەرەکەم مردووە؟ وایە؟".

نیلیا بایدن، هاوسەری جۆو بایدن تەمەنی 30 ساڵ بوو، نایۆمی کچیشی تازە ببووە یەک ساڵ کاتێک لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا.

خێزانەکەی بایدن نەیانهێشتووە ناوی نایۆمی ون بێت، کچێکی بایدن ناوی لە کچەکەی ناوە نایۆمی، کە ئێستا ئەو نەوەیەی بایدن تەمەنی 26 ساڵە.

 لە رووداوەکەدا هەردوو کوڕەکەی بایدن، هەنتەر و بۆ کە ئەوکاتە تەمەنیان سێ و چوار ساڵ بوو، بە سەختی بریندار ببوون، جۆ زۆربەی رۆژەکانی خۆی لەنەخۆشخانە لەتەنیشت منداڵەکانی بەسەربرد تاوەکو چاکبوونەوە، تەنانەت سوێندی یاسایی بوون بە سیناتۆریشی لە نەخۆشخانە لەپاڵ منداڵە بریندارەکانی خوارد.

هەر لە وتارەکەی لە یێڵ، بایدن دەڵێ "ئەو پەیوەندییە باشەم لەگەڵ کوڕەکانم، لەوکاتەوە سەرچاوەدەگرێت کە تووشی رووداوەکە بوون".

 دوای بەڕێکردنی چەند ساڵێکی سەخت، بایدن جیلـی ناسی و ویستی دووبارە خێزانەکەی کۆبکاتەوە و هاوسەرگریی لەگەڵ بکات، بەڵام جیل، پێنج جار داوای هاوسەرگیریی بایدنی رەتکردەوە.

لە ساڵی 2016ـدا جیل، بە گۆڤاری ڤۆگی گوت "داوای هاوسەرگرییەکانم رەتکردەوە، چونکە دەمزانی ئەو دوو کوڕە چەند بەو تراژیدیایەی رووداوی هاتووچۆکە کاریگەر بوون، دەبوو 100٪ دڵنیابم، من ئەو دوو کوڕەم زۆر خۆشدەویست و نەمدەویست هاوسەرگیری بکەم تاوەکو بەتەواوی دڵنیا نەبم لەوەی هاوسەرگرییەکە سەردەگرێت".

 دوای ئەوەی بەتەواوی دڵنیابوو، لەوەی دەتوانێت دڵی کوڕەکانی بایدن رازیبکات و دەبێتە دایکێکی باش بۆیان، جیل و جۆو لە ساڵی 1977 هاوسەرگرییان کرد، دواتر لە ساڵی 1981 کچێکیان بوو.

چەند ساڵێک دواتر و لە 2015، بایدن کوڕە گەورەکەی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لەدەستدا. هەرچەندە کاتێکی رەش بوو لە ژیانیدا، بەڵام ئەو لەدەستدانە وایکرد خولیایەکی دیکە پەیدا بکات، کە ئەویش لێکۆڵینەوە بوو لەبارەی نەخۆشیی شێرپەنجە.

دەیڤد لینمان، فۆتۆگرافەری تایبەتی جۆو بایدن لەو هەشت ساڵەی لە کۆشکی سپی، جێگری سەرۆک بوو، دەڵێ "بایدن شتێکی کرد، کە من هەرگیز نەمبینیبوو کەسی دیکە بیکات! لەجیاتی ئەوەی بەو تراژیدیایە بکەوێت، زۆری لەخۆی دەکرد زیاتر کار بکات".

 

ئۆباما پرۆگرامی موونشۆتی شێرپەنجەی راگەیاندبوو بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی شێرپەنجە و چارەسەرکردنی. بایدنی جێگری سەرۆکایەتی ئەو دەستپێشخەریەی کرد، لەکاتێکدا هێشتا تازیەبار بوو بۆ لەدەستدانی کوڕەکەی.

یەکێک لە بەڵێنەکانی جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2020، بۆ لایەنگرانی ئەوەیە "پەیمانتان پێدەدەم، ئەگەر بە سەرۆک هەڵبژێردرام، گرنگترین شت لە ئەمەریکا دەبینن، ئەویش چارەسەری شێرپەنجەیە".