ترەمپ و بایدن هەردووکیان پێشبینی سەرکەوتن دەکەن

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی ئەمەریکا رایگەیاند چاوەڕوانی "بردنەوەیەکی گەورە" دەکات، دیموکراتەکانیشی تۆمەتبارکرد بە ساختەکاری، لەهەمان کاتدا جۆ بایدن پێشبینی بردنەوەی کرد.

تەنیا چەند خولەکیک لەدوای گوتارەکەی جۆو بایدن، کە تێیدا پێشبینی کرد هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا ببەنەوە، دۆناڵد ترەمپ لە تویتەر نووسی، چاوەڕوانی "بردنەوەیەکی گەورە" دەکات، هەروەها دیموکراتەکانی تۆمەتبارکرد بە هەوڵدان بۆ ساختەکاری.

ترەمپ، گوتی دواتر گوتاری دەبێت و لە توویتەکەشیدا دەڵێ "هەرگیز رێگەیان پێنادەین (ساختەکاری بکەن). کاتێک بنکەکان دادەخرێن، ناتوانرێت دەنگی دیکە بدرێت".

تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر پێشتر رایگەیاندووە بەهەموو شێوەیەک لەدژی زانیاریی نادروست دەوەستێتەوە، بۆیە هۆشداری لەسەر ئەو توویتەی ترەمپ داناوە، لەدوای تەنیا چەند خەلەکێک لە توویتەکە.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بەردەوام باس لەوە دەکات، دەنگدان لەرێگەی پۆستەوە ساختەی تێدا دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتەڕوو.

بەهۆی ترس لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا، زۆر کەس لەرێگەی پۆستەوە دەنگیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا داوە، کە پێشبینی دەکرێت ئەنجامی ئەو دەنگدانە و هەندێک ویلایەتی دیکە کە ژماردنی دەنگەکانیان دوادەکەوێت، لەبەرژەوەندیی بایدندا بن.

لە تویتەکەیدا، ترەمپ پێدەچێت وەڵامی بایدن بداتەوە، کە چەند خولەکێک پێشتر لە گوتارەکەی داوای لە لایەنگرانی کرد ئارامبگرن و، گوتی "پێمانوایە لەسەر ئەو رێگەیەین، ئەم هەڵبژاردنە ببەینەوە... هەڵبژاردن کۆتایی نایەت تاوەکو هەموو دەنگەکان نەژمێردرێن... نە من و نە دۆناڵد ترەمپ لەو پێگەیەدا نین بڵێین کێ ئەو هەڵبژاردنەی بردووەتەوە"

بایدن لە وتارەکەیدا هەروەها گوتی دڵنیایە لە بردنەوە لە ویلایەتەکانی: ئاریزۆنا، میشیگان، پەنسلڤانیا و ویسکۆنسن، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016ـی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ لەو ویلایەتانە بردبوویەوە.