بایدن: گەشبینم بە ئەنجامەکان

"هەستمان باشە و هێشتا کات ماوە"

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی زۆربەی بنکەکانی دەنگدان لە ئەمەریکا داخران، جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان لە شارەکەی خۆی، ویڵمنگتۆن لە ویلایەتی دیڵوەر وتاریکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "هەستمان لەبارەی ئەنجامەکان باشە".

بەپێ ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، ئێستا دۆناڵد ترەمپ لە پێش بایدنەوەیە، بەڵام بایدن دەڵێ هێشتا کات ماوە.

بەشێکی وتارەکەی بایدن:

دەمانزانی (زانینی ئەنجامەکان) رەنگە زۆر بکێشێت، بۆ بەیانی یان زیاتریش، بەڵام سەیرکەن، ئێمە هەستمان باشە لەبارەی ئەنجامەکان، بەراستی هەستمان باشە.

من لێرەم ئەمشەو تاوەکو پێتان بڵێم، بڕوامان وایە لەسەر رێگەی ئەوەین ئەم هەڵبژاردنە ببەینەوە.

دەمانزانی بەهۆی هەڵبژاردنی پێشوەختە بێوێنەکە، ماوەیەکی پێدەچێت بۆ جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەڵام دەبێت ئارامیمان هەبێت هەتاوەکو جیاکردنەوەی دەنگەکان کۆتایی دێت و تەواویش نابێت تاوەکو هەموو دەنگێک نەژمێردرێت، بەڵام هەستمان باشە لەبارەی ئەوەی ئێستا بەکوێ گەیشتووین.

رەنگە سبەی بەیانییەکەی ئەنجامەکان بزانین، بەڵام رەنگە زیاتری پێبچێت، بەڵام نە من و نە دۆناڵد ترەمپ بۆمان نییە رایبگەیەنین کێ ئەو هەڵبژاردنەی بردووەتەوە، ئەمە بڕیاری خەڵکی ئەمەریکایە. من، گەشبینم بە ئەنجامەکان و دەمەوێت سوپاسی هەمووتان بکەم.