یه‌كێتی ئه‌وروپا: به‌و په‌ڕی راستگۆییه‌وه‌ هاوسۆزی كه‌سوكاری ئه‌و عێراقیانه‌ین به‌ تاوانی تیرۆر له‌سێداره‌ دراون

یه‌كێتی ئه‌وروپا دژی له‌سێداره‌دانی تیرۆریستان ده‌وه‌ستێته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

یه‌كێتی ئه‌وروپا ره‌خنه‌ی له‌ عێراق گرت و رایگه‌یاند، ئێمه‌ دژی له‌سێداره‌دانی ئه‌و كه‌سانه‌ین به‌ تۆمه‌تی تیرۆر له‌سێداره‌دراون و هاوخه‌می بۆ كه‌سوكار و بنه‌ماڵه‌یان ده‌رده‌بڕین.

یه‌كێتی ئه‌وروپا جارێكی دیكه‌ دژی جێبه‌جێكردنی یاسای له‌سێداره‌دان له‌ عێراق وه‌ستایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئه‌و سزایه‌ زۆر "توند و نامرۆڤانه‌یه‌".

ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ زیندانی ناوه‌ندیی شاری ناسرییه‌، (21) كه‌س، كه‌ له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ به‌ تاوانی تیرۆریستی سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌ركرابوو، له‌ سێداره‌ دران.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، یه‌كێتی ئه‌وروپا راشیگه‌یاندووه‌، ئێمه‌ به‌و په‌ڕی ده‌سته‌واژه‌ی تونده‌وه‌، ئه‌و كرده‌وه‌ تاوانكاریانه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ سزای له‌سێداره‌دان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌رچووه‌، له‌ هه‌مان كاتیشدا، هاوسۆزی راسته‌قینه‌ و راستگۆیانه‌مان بۆ كه‌سوكاریی قوربانییه‌كان ده‌رده‌بڕین و هه‌روه‌ها دژی سزای له‌ سێداره‌دان ده‌وه‌ستینه‌وه‌، جا له‌ ژێر هه‌ر ناو و ره‌وشێكدا بێت.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌: سزای له‌سێداره‌دان توند و نامرۆڤانه‌یه‌، نابێته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م تاوان و نكۆڵیكردنێكی ناپه‌سنده‌ بۆ كه‌رامه‌تی مرۆڤ و سه‌لامه‌تی ژیانی و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌ریدا هه‌بێت، هیچ بوارێك بۆ راستكردنه‌وه‌ی نابێت.

یه‌كێتی ئه‌وروپا داواشی له‌ عێراق كردووه‌، سزای له‌سێداره‌دان بوه‌ستێنێت و سیاسه‌تێك بگرێته‌به‌ر، كه‌ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سزایه‌ هه‌نگاو بنێت.