هۆڵەندا 150 سەرباز رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات

لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەگەنە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا ئاشکرای کرد 100 تاوەکو 150 سەربازی هۆڵەندی دەنێردرێنە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا دوێنێ (هەینی، 20-11-2020) هەواڵەکەی ئاشکرا کرد و لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، "دوای راهێنانی هێزە چەکدارەکانی کورد، هاوپەیمانیی دژی داعش رۆڵی خۆی گۆڕی بۆ راوێژکاریی بەرپرسانی سەربازیی ناوچەکە. ئەو ئەرکە لەژێر فەرمانڕەوایی هۆڵەندا دەبێت لە ساڵی داهاتووەوە".

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەزۆریی کارەکانی لە هەولێرەوە رادەپەڕێنێت، لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا جەختدەکاتەوە لەوەی "هێزی پاراستنی هۆڵەندا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەیەکەوە، کەسایەتی و کەرەستەکان دەپارێزن، چاوەڕوان دەکرێت یەکەمین سەربازە (هۆڵەندییەکان) لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەم بگەنە ئەوێ".

بڕیاردان لەبارەی ناردنی ئەو سەربازە هۆڵەندییانە بۆ هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت؛ رۆژی 9-11-2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری لاهای لەگەڵ مارک رووتە، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان کرد و، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و یارمەتیدانی گەشەپێدانی ئابووری، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵی و هاندانی وەبەرهێنەرانی هۆڵەندی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.