لە کەرکووک 16 چەکداری داعش کوژران

"ژمارەیەک بەڵگەنامە و دراو لە حەشارگەکانیان دۆزراونەتەوە"

K24 - هەولێر

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی فراوان لە پارێزگای کەرکووک، کە بە یارمەتیی هێزی فڕۆکەوانیی هاوپەیمانان ئەنجامدراوە، 16 چەکداری داعش کوژران.

لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوێنێ (هەیینی، 20-11-2020) لە راگەیەنەدراوێکدا ئاشکرای کرد "هێزێکی سەر بە دەزگاری دژەتیرۆر شەوی پێنجشەممە دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان کرد، کە رۆژی هەیینی کۆتایی هات. ئۆپەراسیۆنەکە لە کەرکووک لەو ناوچەیەی دەکەوێتە نێوان دۆڵی زغێتون و خەناجیر، ئەنجامدرا. ئۆپەراسیۆنەکە مەفرەزەیەکی لە پاشماوەی چەکدارانی داعش کردە ئامانج".

لیوا یەحیا، کە بەیاننامەکەی لەڕێگەی توویتەری فەرمیشییەوە بڵاوکردووەتەوە، هەروەها دەڵێ "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 16 تیرۆرست کوژران، ئەمەش لەدوای رووبەڕووبوونەوە لە شوێنی خۆحەشاردانیان. هەندێکیان لەئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی هاوپەیمانان کوژران لەکاتێکدا دەیانویست هەڵبێن".

هێزەکانی دژەتیرۆر دوای شەڕەکە، بەگوتەی لیوا یەحیا شوێنی خۆحەشاردانی چەکدارەکانی داعشیان پشکنیوە؛ لە ئەنجامدا چەندین بەڵگەنامەی گرنگ، چەکی سووک و مامناوەند، پاسپۆرت و بڕێک دراوی عێراقی و بیانیان دۆزیونەتەوە.

ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەکاتێکدایە، چەکدارانی داعش لەو ماوانەی دواییدا چەندین جار لە پارێزگاکانی دیالا، کەرکووک و سەڵاحەدین هێرشیان ئەنجامداوە.

سەرەڕای کەمکردنەوەی ژمارەی هێزە بیانییەکان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، هێشتا هاوپەیمانییەکە بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان لەڕێگەی پاڵپشتیی ئاسمانییەوە.

واین مارتۆرۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو؛ ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئێستا خۆی دەبینێتەوە لە هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان لە راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی داعش، هەروەها دیاریکردنی جووڵەکانیان هەتاوەکو ئەوکاتەی عێراق دەگاتە قۆناغێکی جێگیر.

روونیشی کردبووەوە، هێرشە ئاسمانییەکان لەسەر داواکاریی هێزە عێراقییەکان ئەنجامدەدرێن، هەرکاتێک ئەوان داوای بکەن.