کریستیانۆ چاوەڕێ ریکۆردێکی مێژوویی دەکات

K24 - هەولێر

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گۆڵکاری پۆرتوگاڵی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بە دوو گۆڵەکەی بەرامبەر کالیاری، توانی کۆی گۆڵەکانی لە کاروانی وەرزشی بگەینێتە 748 گۆڵ و پێش فرانس پوشکاش کەوتەوە.

یاریزانەکەی خانمە پیرەکە پێش یارییەکەی بەرامبەر کالیاری لە گەڕی هەشتەمی سێریائەی ئیتاڵیا خاوەنی 746 گۆڵ بوو بە تۆمار کردنی دوو گۆڵ بەرامبەر ئەو یانەیە، کۆی گۆڵەکانی لە ریزبەندی گۆڵکارانی مێژوویی جیهانی گەیاندە 748 گۆڵ و بۆ پلەی چوارەمی ریزبەندی گۆڵکارانی جیهان سەرکەوت و تەنها بە تۆمار کردنی دوو گۆڵی دیکە، پێش رۆماریۆی بەڕازیلی دەکەوێت و دەبێتە سێیەم گۆڵکاری جیهانی.

لە پلەی دووەمی ریزبەندی باشترین گۆڵکارانی جیهان پێلی بەڕازیلی بە تۆمار کردنی 767 گۆڵ دێت، واتە کریس بە تۆمار کردنی 20 گۆڵی دیکە، پێش ئەفسانەی تۆپی پێ بەڕازیل دەکەوێت و ئەو کات رکابەری باشترین گۆڵکاری مێژوویی دەکەوێت کە جۆزێف بیجانی نەمسایی و خاوەنی 805 گۆڵە.

ریزبەندی باشترین گۆڵکارانی مێژووی تۆپی پێ
ریزبەندی باشترین گۆڵکارانی مێژووی تۆپی پێ