ئەمەریکا رێگە بە بەکارهێنانی دەرمانێکی دیکە دەدات بۆ چارەسەری کۆرۆنا

هەمان ئەو دەرمانەیە کە ترەمپ بەهۆیەوە لە کۆرۆنا چاکبووەوە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA) رۆژی شەممە، رێگەپێدانی بەپەلەی بۆ دەرمانێک بۆ چارەسەری پەتای کۆرۆنا دا، کە کۆمپانیای تەکنەلۆژیای زیندەیی "ریجێنەرۆن" بەرهەمیهێناوە و بەتایبەتیش بۆ چارەسەرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەکارهاتبوو.

دەرمانەکەی ریجێنەرۆن بە ناوی ریجن-کۆڤ-2 ناونراوە. دەرمانەکە پێکدێت لە تێکەڵەیەکی دژەتەن، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی نیشانەکانی پەتای کۆرۆنا، ئەو نیشانانەی بەهۆیەوە نەخۆش ناچار دەبێت رووبکاتە نەخۆشخانە و یەکەکانی چارەسەری بەپەلە.

ستیڤن هان، بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا گوتی "رێگەدان بە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا، رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی نەخۆش پێویستی بە چوونە نەخۆشخانە نەبێت، ئەمەش فشار لەسەر سیستەمی تەندروستی کەمدەکاتەوە".

هەروەها لیۆنارد شلایڤەر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ریجێنەرۆن رایگەیاند، ئەمە "هەنگاوێکی گرنگە لەدژی کۆرۆنا، بەهۆیەوە ئەو نەخۆشانەی ترسی زۆریان لەسەرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە کاتێکی زوودا دەتوانن ئەو دەرمانەیان پێبگات".

لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوەی تووشبوونی بە کۆرۆنا راگەیەندرا، ئاشکرای کرد ئەو دەرمانەی وەرگرتووە و زۆر شانازیشی کرد کە بەهۆیەوە لە کۆرۆنا چاکبووەتەوە.

ئەو دژەتەنانەی دەرمانەکە، هاوشێوەی کۆئەندامی بەرگری کاردەکەن، کە نەخۆش دروستیدەکات و لەڕێگەی رێگەگرتن لەوەی ڤایرۆسەکە بگاتە ترۆپکی گەشەی لە جەستەی تووشبوو، واتا دەرمانەکە رێگەدەگرێت لەوەی کۆرۆنا لە خانە مرۆییەکان بباتەوە و بیانبڕێت.

ئەو دەرمانە کاتێک کاریگەرە، کە نەخۆشەکە لە سەرەتای تووشبوونییەتی بە ڤایرۆسەکە، لەو کاتەشدا هێشتا هەلێک لەبەردەم دژە تەنەکان هەیە دەست بەسەر نەخۆشییەکەدا بگرن، نەوەک لە قۆناغی دووەمی نەخۆشی، کاتێک ڤایرۆسەکە خۆی سەرچاوەی مەترسی نییە، بەڵکو کاریگەربوونی زۆری کۆئەندامی بەرگری دەبێتە هۆی سەرچاوەی مەترسی.

دەرمانەکەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکە، دەبێتە دووەم دەرمان لەڕێگەی بەکارهێنانی دژەتەنەوە رێگەپێدانی بەپەلە وەربگرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا، پێشتریش لە مانگی نۆڤەمبەر رێگەپێدانی بەپەلە بە دەرمانێک درابوو کە لەلایەن کۆمپانیای ئیلی لیلی بۆ هەمان مەبەست بەرهەمهاتووە.

سەرچاوە: AFP