لیژنەی دارایی: حکومەتی عێراق پەنا بۆ کەمکردنەوەی شایستەی فەرمانبەران دەبات
.jpg)
K24 - هەولێر
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چاوەڕێی حکومەتە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 رەوانەی پەرلەمان بکات و لیژنەی داراییش دەڵێ "حکومەت پەنا بۆ کەمکردنەوەی شایستەی فەرمانبەران دەبات".
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات بودجەی ساڵی داهاتوو زۆر کەمکراوەتەوە و زیاتر پشتی بە سیاسەتی سکهەڵگوشین بەستووە. هەروەها حکومەت پەنا بۆ کەمکردنەوە شایستەی فەرمانبەرانی دەبات بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانەی لە داهات دروستبووە، پڕی بکاتەوە.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ رۆژنامەی سەباح-ی نیمچەفەرمیی عێراق کە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-11-2020) بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە؛ پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 خاڵییە لە دامەزراندن و ئەنجامدانی پڕۆژە، لە بەرامبەردا رێوشوێنەکانی پەڕاوی سپیی چاکسازی جێبەجێدەکرێن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێشبینی دەکات، بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی دارایی، لە پڕۆژەبودجەکەدا شایستەی مووچەی فەرمانبەران کەمبکرێتەوە، لە بەرامبەردا گرنگی بە وەرگرتنی باج و بڕینی راستەوخۆ ئاڵوگۆڕی دراو دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە مەحاسن حەمدوون، ئەندامی لیژنەی دارایی دەڵێت، حکومەت و وەزارەتی دارایی هیچ پلانێکی ئەوتۆیان نییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە و تەنیا پشتیان بە وەرگرتنی قەرز بەستووە، هەروەها حکومەت شکستی هێناوە لە هەمەجۆرکردنی داهاتە نانەوتییەکان.
هـ.ر.