لە 24ی كاتژمێری رابردوودا ھیچ حاڵەتێكی مردن بە كۆرۆنا لە ھەڵەبجە تۆمار نەكراوە

kurdistan24.net

K24 ھەڵەبجە

بەگوێرەی ئامارەكان لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان كەمیكردووە، لە 24 كاتژمێری رابردووشدا ھیچ حاڵەتێكی مردن بە كۆرۆنا لە ھەڵەبجە تۆمار نەكراوە.

جیھاد عومەر، سەرۆکی تیمی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای ھەڵەبجە بە كوردستان24ی راگەیاند: "باری تەندروستی تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەڵەبجە بەرەو باشیە و ئێستا 20 تووشبوو لە نەخۆشخانە ھەیە و سێیان لەژێر چاودێری چڕدان".

ئاشكراشی كرد: "لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا ھیچ حاڵەتێكی مردن بە كۆرۆنا لە پارێزگای ھەڵەبجە تۆمار نەكراوە".

پەیوەست بە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كارگەیەكی ئۆكسجین لە ھەڵەبجە دروست دەكرێت، لەوبارەوە دكتۆرە شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی ھەڵەبجە بە كوردستان24ی گوت: "لە رابردوودا كێشەمان ھەبوو لە دابینكردنی ئۆكسجین بۆ نەخۆشەكان، بەتایبەتی ئەوانەی لەژێر چاودێری چڕدان، خۆشبەختانە مانگی رابردوو خەزانی ئۆكسجین لە ھەڵەبجە دروستكرا، ھەفتەی داھاتووش كارگەیەكی تایبەت بە ئۆكسجین دروست دەكرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو كارگەیەی ئۆكسجین لەلایەن دوو خێرخواز دروست دەكرێت، كە لەسەرەتای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەستی باڵایان ھەبوو لە دروستكردنی نەخۆشخانەی وەفا و دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ نەخۆشخانەكە".