پارێزگای سەڵاحەدین سێ رۆژ ماتەمینیی راگەیاند

بەهۆی کوژرانی 10 کەس لە هێرشێکی داعشدا

 K24 - هەولێر

پارێزگاری سەڵاحەدین لەمڕۆوە سێ رۆژ ماتەمینیی گشتی راگەیاند بەهۆی هێرشێکی چەکدارانی داعش و کوشتنی 10 کەس کە بەشی زۆریان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون.

درەنگانی شەوی رابردوو (شەممە، 21-11-2020) بۆمبێکی چێنراو لەسەر رێگەیەکی پارێزگای سەڵاحەدین بە ئۆتۆمبێلێکی خەڵکی مەدەنی تەقییەوە، پۆلیس و شاهێدحاڵان دەڵێن، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە، کەوتوونەتە نێو کەمینێکی چەکدارانی داعش.

تەقینەوە و هێرشەکە لەسەر ئەو رێگەیە ئەنجامدراون، کە دەکەوێتە نێوان شارۆچکەی زەوییە و گوندی مسەحەگ لە قەزای بێجی، بەدیاریکراویش لە نزاری چیای مەکحوول، کە لەم دواییانەدا هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بۆ کێوماڵکردنی ئەنجامداوە.

بەهۆی ئەو هێرشەی داعش، بەپێی زانیارییەکانی میدیا عێراقییەکان، بەلایەنی کەمەوە شەش ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و چوار کەسی سڤیل کوژراون، بەڵام لە بەڵگەنامەیەکدا ناوی نۆ کەس و پیشەیان بڵاوکراوەتەوە کە لە هێرشەکەدا کوژراون و، دەردەکەوێت تەنیا یەک کەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان نییە.

هەرچەندە داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام هەریەک لە پارێزگاری سەڵاحەدین و پۆلیس، داعش تۆمەتباردەکەن بە ئەنجامدانی هێرشەکە.

ئەو هێرشە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە هێزە عێراقییەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی فراوان کرووە بۆ لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعش و حەشارگەکانیان.

ئەمە یەکەم جار نییە هێرش لە گوندی مسەحەگ بکرێت، بەپێی خەڵکی گوندەکە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویان کردووەتەوە، پێشتر خێزانێک بەتەواوی و دواتریش سێ برا بەهۆی ئەو جۆرە هێرشانەوە لە گوندەکەیان کوژراون.