هاوکاریکردنی 49 هەزار خێزانی هەولێر بە بڕی 100 هەزار دینار دەستیپێکرد

لە هەموو هەرێمی کوردستان 140 هەزار خێزان لەو هاوکارییە سوودمەند دەبن

K24 - هەولێر

پێدانی هاوکاریی سێیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕی 100 هەزار دینارە بۆ هەر خێزانێکی کەمدەرامەت، ئەمڕۆ لە پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی رایگەیاند، "هاوكارییەكە بڕی 100 هەزار دینارە بۆ هەر خێزانێك و، 49 هەزار خێزان لە سنووری پارێزگای هەولێر لێی سوودمەند دەبن. ئەم هاوكارییە لە چوارچێوەی هاوكاریی گشتی حكومەتە بەسەر 140 هەزار خێزان لە هەرێمی كوردستان".

بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە بانكەكان دروست نەبێت، هاوكارییەكە لە 24 بانك دابەش دەكرێت و رۆژانە بەشێك لە خێزانەكان بە كورتەنامە ئاگاداردەكرێنەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر هەروەها دەڵێ "لەكاتی سەردان بۆ بانكەكان، دەبێت رەچاوی رێنماییە تەندروستییەكان بكرێت و ئەو كەسەی پارەكەی پێ دەدرێت، دەبێت ناوی تۆماركرابێت و ناسنامەی فەرمی پێبێت".

ئەم هاوكارییەی حکومەت بەو خێزانانە دەدرێت، كە داهاتی مانگانەیان كەمترە لە 400 هەزار دینار، لەوانە: منداڵانی بێ سەرپەرشت، ئافرەتانی بێوەژن، كەمئەندامان، بێكاران، كرێكاران و كرێچیان یان ئەو خێزانانەی سەرۆك خێزانەكەیان بەهەر هۆكارێك لە زیندانن.

لە ماوەی ساڵی 2020ـەوە، ئەوە سێیەمین هاوكاری بەرفراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكان.

 

هـ.ر.