موسڵ، یەکەم فیلمی ئاکشنی هۆڵیوودە بە زمانی عەرەبی

ئەو کەسانەی کاریان لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە کردووە، لە بەناوبانگترینەکانی هۆڵیوودن
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بۆ یەکەمجار، فیلمێک لە هۆڵیوود لەبارەی شەڕی کۆنترۆڵکردنی موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش بەرهەمدێت، فیلمەکە لە نواندنی ژمارەیەک ئاکتەری عەرەبە و بە زمانی عەرەبی بەرهەمهاتووە.

هەردوو برا و دەرهێنەر، ئەنتۆنی و جۆزیف رۆسۆ، کە ژمارەیەک لە پڕداهاتترین فیلمیان لە مێژووی هۆڵیوود بەرهەمهێناوە، کە داهاتیان گەیشتووەتە 3 ملیار دۆلار، بڕیاری بەرهەمهێنانی فیلمەکەیان داوە.

جۆزێف رۆسۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ BBCـی عەرەبی دەڵێ "ویستمان چیرۆکەکە لە زاری ژمارەیەک عێراقی بگێڕینەوە... ئەمە ئەرکێک بوو دەبوو چەند ساڵێک پێش ئێستا جێبەجێ بکرێت''.

فیلمەکە باسی ساڵی 2017 دەکات، ئەوکاتەی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش هەبوو، لە فیلمەکەدا گرووپێک سەربازی عێراقی سەرپێچیی فەرمانی فەرماندەکەیان دەکەن و دەچنە نێو شاری موسڵ، شەڕ دەکەن لەپێناو رزگارکردنی خێزانەکان لە دەستی داعش.

فیلمەکە هەرچەندە لە خەیاڵ دەچێت، بەڵام چیرۆکێکی راستەقینەیە، هەردوو براکە لە راپۆرتێکی رۆژنامەنووس لووک مۆگڵسن، وەریان گرتووە کە بە ناونیشانی "شەڕێکی بێئومێدانە بۆ تێکشکاندنی داعش" لە ساڵی 2017 لە رۆژنامەی نیویۆرکەر بڵاوکرایەوە.

سوهێل، یەکێکە لە پاڵەوانانی فیلمەکە و رۆڵی فەرماندەی تیمی بەهاناوەچوونی خێرا دەگێڕێت، خۆی ئەکتەرێکی عێراقییە، کە چەند ساڵێک پێش ئێستا عێراقی جێهێشتووە و لە نیو مەکسیکۆ دەژی، دوو براکە دەڵێن "لەکاتێکدا لە خانەیەکی بەساڵاچووان کاری دەکرد، دۆزیمانەوە. بەڕاستی ئەکتەرێکی سەرسوڕهێنەرە".

ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە ماوەی دوو هەفتە راهێنانی سەربازیی چڕوپڕیان پێکراوە.

ئادەم بیسا، ئەکتەرێکی تونسییە و رۆڵی گەنجێکی کورد دەگێڕێت بەناوی کاوە، لە فیلمەکەدا لەدوای کوژرانی مامی بە دەستی چەکدارانی داعش، دەبێتە ئەندامێکی تیمەکە، پاشان شەڕکەرێکی لێهاتوو.

هەرچەندە ئادەم رۆڵی کەسێکی کورد دەگێڕێت، بەڵام لە فیلمەکەدا بە دیالێکتی عەرەبیی عێراقی قسە دەکات، کە زۆر لە دیالێکتی عەرەبیی تونسی جیاوازە، بەگوتەی خۆی ئەمە یەکێک بووە لە ئاستەنگییەکانی بەردەمی و بۆ ماوەی دوو هەفتە تەنیا گوێی لە گۆرانی عەرەبیی عێراقی و بەرنامەی عێراقی گرتووە، تەنانەت خواردن و خواردنەوەکانیشی عێراقی بوون.

ماسیۆ مایکڵ، دەرهێنەری فیلمەکەیە و هەموو تەکنیککارانی فیلمەکەش لەوانە: وێنەگر، ئاوازدانەر و ئەوانەش کە نموونەیەکی شاری موسڵیان لە مەغریب بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە دروستکردووە، لە بەنێوبانگترینەکانی هۆڵیوودن و بەشدارییان لە بەرهەمهێنانی گەورەترین و گرانبەهاترین فیلمەکانی هۆڵیووددا کردووە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فیلمەکە لە سینەماکان پێشکەشناکرێت، بەڵکو ئەم هەفتەیە لە نێتفلیکس نیشاندەدرێت.