زانکۆی ئۆکسفۆرد ڤاکسینێکی هەرزان دژی کۆرۆنا بەرهەمدەهێنێت کە 70٪ کاریگەرە

ئاسان هەڵدەگیرێت و دەکرێت بگاتە هەموو سووچێکی ئەم جیهانە

K24 - هەولێر

ڤاکسینێکی دژی کۆرۆنا لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد بەرهەمهێنراوە، لەسەر هەزاران کەس تاقیکراوەتەوە و بەڕێژەی 70٪ نیشانەکانی کۆرۆنا دەوەستێنێت.

ئەم هەواڵە، لەهەمان کاتدا دڵخۆشکەر و بێئومێدکەریشە، بەهۆی ئەوەی ئەو ڤاکسینانەی لەلایەن کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک و هەروەها ئەوەی کۆمپانیای مۆدێرنا، هەریەکەیان بەڕێژەی 95٪ کاریگەرن لە دژی کۆرۆنا.

بەڵام جیاوازیی ڤاکسینەکەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لەوەدایە؛ زۆر هەرزانترە بەراورد بەو دوو ڤاکسینە، هەروەها هەڵگرتنی ئاسانە و دەکرێت بگاتە هەموو سووچێکی ئەم جیهانە، بۆیە بەرهەمهێنەرانی ڤاکسینەکە هێشتا دڵخۆشن بەوەی ڤاکسینەکەیان رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە رێگرتن لە تەشەنەسەندنی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ئەگەر رێگە بە بەرهەمهێنانی بدرێت.

دوێنێ کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمەریکی، کە ڤاکسینەکەی تاوەکو یەک هەفتە لەنێو ساردکەرەوەدا هەڵدەگیرێت، رایگەیاند نرخی هەر دۆسێکی ڤاکسینەکەی لەنێوان 25 بۆ 37 دۆلار دەبێت

لێکۆڵەرانی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی، بە گوتەی خۆیان پرۆسەیەکی 10 ساڵییان بە 10 مانگ تەواوکردووە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو ڤاکسینە.

حکومەتی بەریتانیا داوای 100 ملیۆن دۆسی ڤاکسینەکەی کردووە، کە ئەمەش بەشی ئەوە دەکات 50 ملیۆن کەس بەرگری لە دژی کۆرۆنا پەیدا بکەن.

تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە لەسەر 20 هەزار خۆبەخش کراوە، نیوەیان لە بەریتانیان و نیوەکەی دیکەیان لە بەرازیل.