"جۆ بایدن، بلینکن دەکاتە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا"

بلینکن چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە

K24 - هەولێر

جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بڕیارە سبەی کابینەکەی ئاشکرا بکات، میدیاکانی ئەمەریکاش بڵاویان کردەوە، ئەنتۆنی بلینکن دەبێتە وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا.

ئاژانسەکانی رۆیتەرز و بلۆمبێرگ، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بایدن بڵاویان کردەوە، بلینکن دەبێتە وەزیری دەرەوە و پێشبینیشیان کردووە لیندا تۆماس گرینفێڵد، بکرێتە نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکەگرتووەکان، کە ئافرەتێکی رەشپێستە و پێشتر پۆستی باڵای لە ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا هەبووە.

بلینکن، لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بووە، یەکێکە لە راوێژکارە نزیکەکان لە بایدن بۆ کاروباری دەرەوە و، چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، چەند جارێکیش پشتیوانی وڵاتەکەی لە میدیاکان بۆ کوردستان دووپاتکردووەتەوە.

ئاشکراکردنی ئیدارەی بایدن لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هێشتا دانی بە بردنەوەی جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2020ـی ئەمەریکادا نەناوە.

هـ.ر.