مەندوبانی ڕیفۆرمخواز، سەرێکیش لە بەسڕە بدەن

Kurd24

ئەوانەی خوازیاری سیستمی مەرکەزیی موچەدانن لە لوتکەی ئیدارەدانی عێراقەوە، بەو شێوەیەی کە تەبلیغات و موزایەداتی سیاسی و پەرلەمانی پێوە دەکەن. ئەگەرچی دەزانن ئەو پرس و خواستە تەواو سیاسیی و کوشندەو پەتای پێش هەڵبژاردنە و بۆ هێلانە گەرمکردنی چوارساڵی ئایندەیە، باشترە تێبگەن کە ئەوە پرسێکی دارایی و ئیداریی و حکومییەو بەپێی هەردوو مادەی دەستووریی، 117 - 121،  دابەشکردنی موچەو ئەرکە داراییەکان، ئیلتیزامی هەرێمی فیدراڵە نەک ناوەند، بۆیە پرۆسەیەکی مەحاڵەو گرفتی دەستوریی و یاسایی و دارایی هەیە.

گەر مکوڕن لەسەر واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئەو پرسەو بەسێنتراڵکردنەوەی هەرێمی کوردستان، باشترە جارێ سەردانی هەندێک شاری وەک بەسرە بکەن و کەموکوڕیەکانی ئەو ویلایەتە ببینن و تێبگەن کێشەکە بەس موچە نییە، دەبێت بەراستی لە مۆدێلی سوڵتەویی عێراق بگەیت، سیاسەت و مێنتاڵیتی و ئاکتەکان و ڕوبەرە سیاسیەکان کە چۆن قۆرخکراون بۆ ویلایەتی فەقیهو مەرجەعیەت و کۆنتراکتە نهێنەکان، عێراق هەڵوەشاوە، سوک و رەزیل و بێ شوناس بووە، زیاتر لە ١٥٠ ملیار دۆلار قەرزارەو ژێرخان و سەرخانی سفر، کێشەکە ورد بکەینەوە، دزینی بۆری نەوتیی و فرۆشتنی چاڵە نەوتییە هاوبەشەکانی سنورو ناو بەندەرەکان و بەهەدەردانی سامانی گەورەو بێکاریی کوشندە، سیماو ئەجێندای نەگۆڕە بەدەست ئەو نوخبە حوکمڕانە مۆنۆپۆڵگەرە مەزهەبیی و مەرکەزیەوە کە  هەندێک مەندوبی کوردیی خەونی پێوە دەبینن و  راستەوخۆش لەژێر کاریگەریی سیاسەتی مەرجەعیەتی قوم و نەجەفدا سیاسەت دەکەن. بەجۆرێک کار دەکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆپزیی بخەنەوە ژێر هەژموونی میلیتاریانەی دەوڵەتی عێراق و تەواوکردنی جوڵەو هاوکێشەی داگیرکاریی شانزەی ئۆکتۆبەر، ئەگەر ئەو مەندوبانە حوکمی میلیشیات و عەسکەرو فاشیزمی مەزهەبییان قبوڵە، با بەردەوام بن لەو قەوانەو قەوانی دیکەش لێبدەن تا دوای هەڵبژاردن، با وێنەکە جوانتر دەرکەوێت، بۆئەوەی دواتر بە شەرمەوە پرۆژەکە نەدەنە دەست قەدەرو چیتر فەرمانبەرانی هەرێم دوچاری ئەو بێئومێدیی و دیدە پۆپۆلیستییەی خۆیان نەکەنەوە وەک پرسی بەهەرێمکردنی سلێمانی، نە ریفۆرم و کاری مەندوبی وادەبێ و نە بانگەوازی چاکسازیی و نیەتپاکیش وادەبێ، دەنگیش چیتر بەو دروشمانە کۆنابێتەوە لە سیستمی فرە بازنەییدا، ئەو تایپە لە پەرلەمانتاری کوردیی وەک چۆن دەنگیان بە کۆمەڵێک یاسای مەرکەزیی و حەشدی شەعبی داو ئێستا پەشیمانن و جورئەتیشیان نەبوو دەنگ بە یاسای، قەرز - کورتهێنانی بودجە، بدەن و بۆیەکەمجار بە ئیجباریی هاتنە ڕیزیی ئیجماعی کوردیی بەهۆی هۆشیاریی تاکی کوردیی و ترسان لە سۆشیال میدیا، دەبێت چاوەڕوانی سیستمی تۆتالیتاریانەی شیعەش بن وەک ئەوەی لە وڵاتانی دەوروبەر ڕووئەدات کە چۆن دیموکراسیەت و ئازادی سیاسی و مافی مرۆڤ و کەمە نەتەوەکانیان خستۆتە ژێرپێ.

 باشترە ئەو پەرلەمانتارانە سەرەتا وەڵامێکی مامۆستایانی نارازیی بدەنەوە کە چۆن ماف و دەنگی ئەوانیشیان گەیاندە مەرکەزو دیوەخانی سوڵتان و چەندساڵێک نانی گەرمیان پێوەخوارد لە بەغداو دواتر دێزە بەدەرخونەیان کردو وەک جەستەی یوسفی نازدار، چیرۆکی گەلە گورگیشیان بۆ دروست کرد.

راستە حیزب له‌ عێراق به‌ گشتی له‌ وه‌زیفه‌ی سیاسی و فیكریی و میتۆدیی رێکخراوەیی دووركه‌وتۆته‌وه‌و بۆته‌ كۆمپانیای پاراستن و سیكوریتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك گروپ و تاقمی بچوك، ئەم تایپەش بەحسابی خۆیان بونەتە گروپی فشارو کوالیسیۆن و دەخوازن هەمان کار بکەن ببنە فشارو باسگۆی شەقام و رای گشتی بەڵام بە سەقەتیی و دژیی میللەتەکەی خۆیان.

بۆ بیرهێنانەوە، ئایا شارێكی وه‌ك به‌سڕە، ناوەندی تەقینەوەو ناره‌زایه‌تی راسته‌قینه‌ی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت، بینیوتانە چۆن دەژین و دەخۆن و دەخەون، شارێكی نه‌وتاویی پڕ لە سامانی یەدەگیی نەوتیی و خاوه‌ن به‌نده‌ری بازرگانی و ستراتیجی گه‌وره‌ بینیوتانە چۆن بۆته‌ ته‌ویله‌و وێرانه‌ به‌ده‌ست ئه‌م نوخبە حوکمرانەی کە ئێوە سەرسامن پێیان و خەریکی نیکاحی ناشەرعین، ئایا دەزانن بۆچی ده‌بێت شارێكی وا ستراتیجی ئاو و كاره‌بای نه‌بێت و رۆژانە سوێراو بخۆنه‌وه‌و نەخۆشخانەو جادەو قوتابخانەیان نەبێت و دوو رەمزی جوان لەو شارەدا نەبێت، بۆچی ده‌بێت رێژه‌ی %82 ی گەنجان بێکار بن و به‌دوای كارێكی شایسته‌دا بگه‌رێن لەسای ئەو حکومەتە مەرکەزیەوە، بۆچی پەرلەمانتاران ناوێرن بچنە بەسرەو ماسیەکی ئەو ساحیلە بێ خزمەتگوزارە بخۆن و دیبەیتێکی میدیایی بکەن و چاودێری قەراسینەو ئەقتاب و بلۆکە گەورەکانی هەناردەی نەوت و کەرەستەی قاچاخ بکەن، یان بۆچی هێشتا پەرلەمانتارانی خودی شیعەش بە تەکسی دەچن بۆ ئەو شارەو ناوێرن بە ئۆتۆمبیلە جوان و کەشخەکانیان پیاسەیەکی ئەو شەقام و سوقانەیان بکەن، ئەدی بۆچی رێژه‌ی %50 ی خه‌ڵكی بەسرە له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریین و دوچاری هه‌زاران ده‌ردو نه‌خۆشی و كوێره‌وه‌ریی بونەتەوە، کوان مەندوبەکانی ئەوێ، ئەوانیش داوای سیستمی موچەدانی مەرکەزیی دەکەنەوە، یان خنکاون بەدەست بێمروەتیی و جەهالەت و شارچێتی و گروپچێتی ئەو تایپە حوکمرانەوە، لەکاتێکدا بەسڕە شارێكە له‌رووی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی و ده‌رامه‌ت و كانزاو گه‌شتیاریه‌وه‌ هیچی كه‌متر نیه‌ له‌ كوه‌یت و ئه‌بوزه‌بی و  شاریقە، دەی چۆن ده‌كرێت ژیان به‌و شێوه‌یه‌ بگوزه‌رێت له‌سایه‌ی حوكمرانیه‌كی ئاوا بێ باکدا؟

كاره‌با و ئاوی شیرین و هه‌وای پاك و كارو موچه‌و گه‌شت و ئه‌م شتانه‌ بۆته‌ داواكاریی سەرەتایی ئەم شارە، ئیتر کامەیە پێشکەوتنی عێراق و ئەو مۆدێلە چۆنەو کامەیە کە عاشقی بوون بۆمان باس بکەن لە نوکەوە، ئیتر باسی دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و فه‌زیله‌تی تاك و خۆشگوزه‌رانی و بیمه‌ی بانكی و ته‌ندروستی و شتی له‌م بابه‌ته‌ ناکەم بۆ کاتی خۆی!