ئێران هه‌ڕه‌شه له به‌حره‌ین و ئیمارات ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی پۆلینكردنی حزبوڵڵای لوبنانی به "تیرۆریست" له‌لایه‌ن به‌حره‌ین و ئیماراته‌وه، ئێران به‌ڵێنی دا، بێده‌نگ نه‌بن و چاوپۆشی نه‌كه‌ن له‌هه‌ر زیانێك به‌ر "ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی" وڵاته‌كه‌یان بكه‌وێت.
ئاژانسی هه‌واڵی "ته‌سنيم"له زاری "سه‌عید خه‌تیبزاده"، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، بڵاویكرده‌وه، ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌بو زه‌بی و مه‌نامه له‌باره‌ی پۆلینكردنی رێكخراوی حزبوڵڵا به رێكخراوێكی تیرۆریستی داویانه، "سوكایه‌تیپێكردنه".
"خه‌تیبزاده" روونیكرده‌وه : ئێران له‌هه‌ر "هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی" لێبوورده نابێت، كه هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بكات، به‌دانانی حزبوڵڵا له لیستی تیرۆر له‌لایه‌ن ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌نداوه‌وه.
له مانگی رابردوو، به‌رپرسێكی ئیسرائیلی رایگه‌یاند، به‌حره‌ین و ئیمارات به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكده‌هێنن بۆ داواكاری پۆلینكردنی حزبوڵڵا وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی.
ئه‌مه‌ریكا و چه‌ندین وڵات له ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریكای لاتینی و ئه‌فه‌ریقا، حزبوڵڵای لوبنانیان به باڵه‌كانی سه‌ربازی و سیاسییه‌وه له لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان پۆلینكردووه.
هه‌ندێك وڵات، حزبوڵڵا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه له پشت كرده‌وه تیرۆریستیه‌كانه، له ساڵانی رابردووش، چه‌ندین شانه‌ی تیرۆرستی له هه‌ریه‌ك له وڵاته‌كانی به‌حره‌ین و كوه‌یت و سعودیه ده‌ستگیركراون و له به‌رامبه‌ریشدا، حزبوڵڵای لوبنان به‌رده‌وام ئه‌و تۆمه‌تاته‌ی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و كه‌نداو ره‌تده‌كاته‌وه.