توركیا باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئیتاڵیا و كاربه‌ڕێكه‌ری ئه‌ڵمانیا له ئه‌نقه‌ره بانگهێشت ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا هه‌ریه‌ك له باڵیۆزانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئیتاڵیا و كاربه‌ڕێكه‌ری ئه‌ڵمانیای له ئه‌نقه‌ره بانگهێشت كرد و یاداشتێكی ناڕه‌زایه‌تیی له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی پشكنینی كه‌شتیی توركیا له ده‌ریای ناوه‌ڕاست بۆ گه‌ڕان به‌دوای چه‌ك له‌ناو كه‌شتییه‌كه‌دا پێدان، كه ده‌گوترێت، ئه‌نقه‌ره له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كه‌شتییه‌وه چه‌ك ره‌وانه‌ی لیبیا ده‌كات.
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، فوئاد ئوكتای، جێگری سه‌رۆكی توركیا به توندی پشكنینی كه‌شتییه بارهه‌ڵگره‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن هێزه ده‌ریاییه‌كانی ئه‌ڵمانیاوه له ده‌ریای ناوه‌ڕاست له‌چوارچێوه‌ی كرده‌ی سه‌ربازی "ئێرنی"ـی‌دا ئیدانه كرد و به كارێكی "نایاسایی"ی ناوبرد.
ئۆكتای گوتی: "ئۆپه‌راسیۆنی ئێرنی" كه له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپاوه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه و راوێژكردن له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك ده‌ستیپێكراوه، جارێكی دیكه ئه‌وه‌ی پشتڕاستكرده‌وه كه ئه‌و یه‌كێتییه لایه‌نگیری ده‌كات.
پێشتریش سوپای ئه‌ڵمانیا جه‌ختی كرده‌وه، توركیا رێگه‌ی به هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا نه‌داوه له‌میانه‌ی كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپادا كه‌شتییه‌كه‌ی توركیا بپشكنێت، كه پێشبینی ده‌كرێت چه‌ك بۆ لیبیا بگوازێته‌وه.
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ
H.B