سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆدەبێتەوە

"بە هیچ شێوەیەك حکومەتی هەرێم سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات"

K24- هه‌ولێر:

سەرۆکی حکومەت ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و داکۆکیکردن لە  شایستە دارایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/23 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری ھەرێم لە گەڵ بەغدا کۆبووەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و داکۆکیکردن لە شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە پێش هەموویانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکە جەخت کرایەوە لەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بە هیچ شێوەیەك حکومەتی هەرێم سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.

هەروەها جەخت لەوە کرایەوە، کە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەردەوام داکۆکی لە مافە رەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، پرۆسەی گفتوگۆی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تاوتوێ کرا، هەروەها شاندی هەرێمی کوردستان لە هەر کاتێك بە پێویستی بزانێت، ئامادەیە سەردانی بەغدا دەکات.

H.B