دۆسیه‌ی ئەمنیی کەرکووک رادەستی پۆلیس دەکرێت

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرەڕای تێبینی لەسەر رێژەی کورد، ترسێکی دیکەشی ھەیە
kurdistan24.net


K24 - کەرکووک

ھێزەکانی لیوای 61ـی سەرۆکوەزیران کە لە دوای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دۆسیەی ئەمنیی کەرکووکیان پێ سپێردراوە، دەچنە دەرەوەی شار و دۆسیەکە رادەستی پۆلیسی کەرکووک دەکەن. بڕیاریشە ھێزێکی تایبەت لە پۆلیسی کەرکووک پێکبھێنرێت بەڕێژەی 32% بۆ ھەر نەتەوەیەک.

ھاووڵاتییانی کورد، بەھۆی ئەزموونی تاڵیان لەگەڵ ئەو ھێزانە، پێشوازی لەم ھەنگاوە دەکەن، بەمەرجێک کورد ئەو رۆڵەی بۆ بگەڕێتەوە کە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لێی زەوتکراوە.

ھاووڵاتییەکی کەرکووکی کە قسەی بۆ کوردستان24 کردووە، دەڵێ "ئەو هێزانەی بەشدارییان لە 16ـی ئۆکتۆبەر کردووە، چەند دوورکەونەوە خەڵکی کەرکووک ئیسراحەت دەکات، ئەوان بە چاوی دوژمن سەیرمان دەکەن، باشترین چارەسەر ئەوەیە؛ ئاسایشی کورد بگەڕێتەوە ئەم شارە. تاوەکو ئاسایشی کورد نەگەڕێتەوە، کورد ئیسراحەت ناکات و تێیدا سەربەرز نییە".

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێ "هەموو کاتێک کە سوپا دێت، خەڵک هەستێکی ناخۆشی دەبێت، لەبەرئەوەی لە کەرکووک کورد زۆرە، پێویست بوو کوردەکە زیاتر بێت، بەڵام ئایا دەکرێت؟ ناکرێت، چونکە کورد دەسەڵاتی نییە لە کەرکووک. بڕوات هەبێت چوومەتە بەڕێوەبەرایەتییەک، حەوت ژوورم کرد، کوردێکی تێدا نەبوو".

دوای کشانەوەی لیوای 61ـی سەرۆکوەزەیران بۆ دەرەوەی شار، ھێزێکی 500 کەسی لە پۆلیسی کەرکووک پێکدەھێنرێت، ئەرکی ئەو ھێزە ھاوشانی ھێزەکانی دیکەی پۆلیس، پاراستنی دۆخی ئەمنی کەرکووک دەبێت.

ھێزە تایبەتەکە رێژەی 32٪ـی بۆھەر پێکھاتەیەک دەبێت، بەڵام یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرەڕای تێبینی لەسەر رێژەی کورد، ترسێکی دیکەشی ھەیە.

عەلی قەڵایی، کارگێڕی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی دەڵێ "ئەم هێزانە دەکشێنەوە و دەچنە دەرەوەی شار، لەناو شار نامێنن، بەڵام ئێمە ترسێکی دیکەمان لەسەر ئەم بابەتە هەیە؛ ئەگەر هێزێکی وەکو 61 بکشێتەوە، لەوانەیە هەندێک هێزی میلیشیایی دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ئەوەی هەیمەنە و هەژموونی خۆیان لەسەر شارەکە زاڵبکەن، بەتایبەتی حەشدی شەعبی، کە (بیانەوێت) لەو رۆڵەی ئێستا هەیە، زیاتر رۆڵ ببینن".

بەرپرسەکەی کەرکووکی یەکێتی باس لەوەش دەکات "دەبێت ئەو دۆسیەیە بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، دەبێت بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و، پێویستی بە رێککەوتنێکی سیاسی هەیە، کە هەم نەتەوە یەکگرتووەکان و هەم پێکهاتە سیاسییەکانی شاری کەرکووک بەیەکەوە لەسەر دۆخی ئەمنی و سیاسی و ئیداری کەرکووک رێکبکەوین".

پێشتر، پێکھاتەکانی کەرکووک بەنێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنیان لەسەر دۆسییەکانی: ئەمنی، ئیداری و سیاسی کردبوو، بەڵام بەھۆی خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی عێراق و، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات، تائێستا رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە.

 

هـ.ر.