بانکی خوێنی هەولێر: باڵانسی خوێنمان زۆر دابەزیوە

بانگەوازێکی زۆر بەپەلە لە بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێنی هەولێر

K24 - هەولێر

بانکی خوێنی هەولێر بانگەوازێکی بەپەلە دەکات بۆ ئەوەی خوێنبەخشان بەزووترین کات سەردانیان بکەن بۆ خوێنبەخشین، بەهۆی دابەزینی زۆری باڵانسی خوێن لەو بانکە.

لە راگەیەندراوێکدا، بانکی خوێنی هەولێر ئەمڕۆ (سێشەممە، 24-11-2020) رایگەیاند "بەهۆی پێویستیی ژمارەیەکی تووشبووانی کۆرۆنا بە خوێن، سەرەڕای نەخۆشانی تالاسیمیا و تووشبووانی شێرپەنجە، باڵانسی خوێن لە بانکەکەمان زۆر دابەزیوە و داواکارین بەپەلە خوێنبەخشان سەردانمان بکەن".

بانکی خوێن، لە راگەیەندراوەکەیدا هەروەها داوای لە کۆمەڵە و رێکخراوەکانی خوێنبەخشین هەیە، لەگەڵیان هەماهەنگ بن و رۆڵی خۆیان بگێڕن. داواکارە کەناڵەکانی راگەیاندن، سایت و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هاوکاریان بن.

بانکی خوێنی هەولێر دەکەوێتە پشت نەخۆشخانەی رزگاری، لەنێوان شەقامی 100 مەتری و 40 مەتریی هەولێر و، رۆژانە لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی تاوەکو 08:00ـی ئێوارە پێشوازی لە خوێنبەخشان دەکات.

 

هـ.ر.