حكومه‌تی عێراق گۆڕانكاری له‌ بودجه‌ی2021 ده‌كات

بودجەی 2021 40 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هه‌یه

K24 – ھەولێر:

پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 بە 141 ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت، کورتھێنانەکەشی دەگاتە نزیکەی 40 ترلیۆن دینار، پەرلەمانی عێراقیش دەیەوێت ھەر لەگەڵ گەیشتنی پڕۆژە بودجەکە لیژنەی دارایی بە دوو رێکار ئەو کورتھێنانە کەم بکاتەوە، یەکەم بە زیادکردنی داھات و جێبەجێکردنی وەرگرتنی باج و دووەمیش بە کەمکردنەوەی خەرجیەکان. حکومەتیش بەم رێکارانە رازی نییە و نایەوێت جارێ پڕۆژە بودجەکە بنێرنە پەرلەمان، بەڵکو دەیانەوێت خۆیان لە ئەنجوومەنی وەزیران گۆڕانکارییەکان لە پڕۆژە بودجەکە بکەن .

پەرلەمانی عێراق لە چاوەڕوانی گەیشتنی پڕۆژە بوودجەی ساڵی 2021 کە ساڵانە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاراستەیان دەکرێت. لیژنەی دارایی و فراکسیۆنە جیاوازەکان رۆژانە بە نووسرای فەرمی و پرێس کۆنفراسەكان، گوشار دەخەنە سەر حکومەت تا پڕۆژە یاسای بودجە لەوە زیاتر دوا نەخەن، چونکە بە پێی یەپڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت تا 15/10 ھەموو ساڵێک ئەو پڕۆژەیە گەشتبێتە لیژنەی دارایی، حکومەت وەڵامێکی نیمچە فەرمی بە لیژنەی دارایی داوە، کە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021، 35% کورتھێنانە؛ ئەمەش لە کاتێكدایە پەرلەمانتاران چاوەڕێیان دەكرد بە پڕۆژە بوودجەی گشتی قەرز بدرێتەوە، نەک قەرزی دیكەی بۆ بکرێت.

وەلید سەھلانیە، گوتەبێژی کوتلەی بەدر گوتی: "ئێمە وەک کوتلەی بەدر، داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، بە زووترین کات پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 رەوانەی پەرلەمان بکات، ھیوادارین دەستەبەری مافەکان و چاکسازی ئابووری راستەقینەشی تێدا کردبێت، ھاوکات ببێتە ھۆی کەمکردنەوەی قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی لە پێناو رزگارکردنی عێراق لەم بارودۆخەی تێیكەوتووە.

پڕۆژە بوودجەی ساڵی 2021، بە 141 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و بڕی 39 ترلیۆن دیناریش کورتھێنانەکەیەتی، ئەمەش مەترسی دەخاتە سەر دۆخی ئابووری عێراق، بۆیە پەرلەمان دەیەوێت بە دوو رێکار ئەو کورتھێنانە کەم بکاتەوە، یەکەم: بە زیادکردنی داھات و جێبەجێکردنی وەرگرتنی باجە و دووەمیش: بە کەمکردنەوەی خەرجیەکانە.

ھۆکارەکانی قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی لە عێراق کەڵەکەبوونی دۆسیەکانی گەندەڵی، جێبەجێ نەکردنی رێکارەکانی چاکسازی، سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتە. پڕۆژە بودجەی ساڵانەش لە عێراق لە 93% داھاتەکانی پشت بە فرۆشتن و ھەناردەکردنی نەوت دەبەستێت. بۆ ساڵی 2021، 41 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێك نەوت خەمڵێندراوە .