پێشنیازێكی ئەمەریكایی: غازی كوردستان ده‌كرێت ببێته‌ جێگرەوەی غازی ئێران بۆ بەغدا

ھەرچەند ھەرێمی كوردستان بەرھەمەكانی لە غاز پێشبخات، نزیك دەبێتەوە لەوەی ببێتە ناوەندێكی ناوچەكە بۆ وزە

K24 – ھەولێر:

پێگەی "ئێس ئاند بی گلۆبال" قسەی بەرپرسێكی ئەمه‌ریكی گواستووەتەوە، كە گوتوویەتی: حكومەتی ئیتحادی عێراق دەتوانێت خۆی لە ھاوردەی وزەی ئێرانی رزگار بكات بەڕێگای سوود وەرگرتن لە غازی ھەرێمی كوردستان.

ئەم لێدوانەی ئەو بەرپرسە ئەمەریكاییە لە كاتێكدایە، عێراق، كە دووەم بەرەھەمھێنەری نەوتە لە رێكخراوی ئۆپێك، دووچاری فشارە بەردەوامەكانی ئەمەریكا بووەتەوە لە پێناو ناچاركردنی بۆ ئەوەی لە ئێران دوور بكەوێتەوە.

"ئێس ئاند بی گلۆباڵ" یەكێكە لە كۆنترین كۆمپانیاكانی ئەمەریكایی تایبەتمەند بە سەرچاوە و بازاڕەكانی وزە و نوێنەرایەتیی لە زیاتر لە 30 دەوڵەتدا ھەیە.

پێگەی كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، لەمیانی كۆنگرەی كوردستانی بە رێگای ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، ئەنجوومەنی كارەكانی ئەمەریكایی- عێراقی رێكیخستبوو، جێگری وەزیری وزەی ئەمەریكا، مارك مینزیس گوتی: "ئەمریكا سووره‌ لەسەر پشتیوانیكردن لە سەروەری عێراق و بەردەوامیش دەبێت لە سەر بەرەنگابوونەوەی ھەوڵەكانی ئێران لە پێشلكردنی ئەو سەروەرییە".

مینزیس گوتی: ھەرچەند ھەرێمی كوردستان بەرھەمەكانی لە غاز پێشبخات، نزیك دەبێتەوە لەوەی ببێتە ناوەندێكی ناوچەكە بۆ وزە و عێراقی ئیتحادیش كەمتر پشت بە هاورده‌كردنی غاز دەبەستێت.

وەزیری نەوتی عێراق، سامر غەزبان و بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان لە نیسانی رابردوو باسیان لە ئەگەری وەبەرھێنانی بەغدا لە بواری غازدا لە ھەرێمی كوردستان كردبوو، بەڵام گفتوگۆكان بەھیچ ئەنجامێك نەگەیشت، چونكە حكومەتی نوێ لە بەغدا دامەزرا و چەند پرسێك لە نێوان حكومەتی ھەرێم و حكومەتی ئیتیحادی بێ چارەسەر مانەوە لە بارەی فرۆشتنی نەوت و دابەشكردنی داھاتە دارییەكان.

"ئێس ئاند بی گلۆبال" رایگەیاندووە، عێراق پشت بە هاورده‌ی غازی ئێرانی دەبەستێت بۆ بەرھەمھێنانی كارەبا و كەمی غاز بۆ چارەسەركردنی پچڕانی كارەبا، كە لە رابردوودا ببوە ھۆكاری سەرھەڵدانی ناڕەزاییەكان بەشێوەیەكی خوێناوی.

عێراق دووەم وڵاتە لە دوای رووسیا، لە سووتاندنی غازی سرووشتی و بەپێی مەزندەكانی بانكی نێودەوڵەتی كە لە تەمووزی رابردوو بڵاوكراوەتەوە، عێراق لە ساڵی 2019، 18 ھەزار ملیار مەتر سێجای لەدەستداوە.

ھەروەھا ئەو رێوشوێنانەی ئۆپێك گرتوویەتیە بەر كاریگەریی لە توانای عێراق كردووە لەبەرھەمھێنانی غاز.

ھێشتا عێراق لێخۆشبوونی ئەمەریكا بەدەست ده‌هێنێت لەو سزایانەی بەسەر ئێرانیدا سەپاند لە ساڵی 2018 و عێراق رێگا پێدراوە لەوەی پێداویستییەكانی خۆی لە وزەی ئێرانی بەدەستبهێنێت و بەدەرە لەو سزایانە.

لە 20ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا درێژكردنەوەی لێخۆشبوونی بۆ ماوەی 45 رۆژ بە بەغدا بەخشی، ئەو ماوەیەش كەمترە لە جارەكانی پێشوو، كە 60 رۆژ بوو.

بەڵام ئەم لێخۆشبوونانەی ئەمەریكا، چەند رێككەوتنێكی وزەی لەگەڵ عێراق ھێنایەكایەوە، كە سەرۆك وەزیرانی عێراقی لە میانی سەردانیدا بۆ واشنتن لە ئابی رابردوو، بە بەھای 8 ملیار دۆلار واژووی كرد و وەزیری وزەی ئەمەریكا، دان برۆلیت، ئەو رێككەوتنانەی بە كلیلی سەربەخۆكردنی عێراق لە بواری وزەدا وەسفكرد.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی لە ھەمان ڤیدیۆ كۆنفرانسەكەدا گوتی: ھەرێم ئامادەیە غاز ھەناردەی عێراق بكات و گوتی: "ئومێد دەكەین ببینە ناوەندێكی ھەرێمی بۆ بەرھەمھێنانی وزە و ئەمباركردنی، لەگەڵ پلانەكانی ھەناردەكردنی بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق و دەرەوە.. ئێمە ئێستا كارەبا ھەناردە دەكەین بۆ ھەندێك بەشی عێراق".

سەرچاوە: شەفەق نیوز