سعوودییە هۆشدارییەک دەداتە جیهان

لەبارەی بەرهەمی نەوت

K24- هەولێر:

حکومەتی سعوودییە بڵاویکردەوە، حووسییەکان لە هێرشەکانیان بڕبڕەی پشتی ئابووری سعوودیە و جیهان دەکەنە ئامانج.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی حکومەتی سعوودییە، بە ئامانجکردنی دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودییە، زیان لە بەرهەمی نەوت لە جیهان دەدات.

رۆژی دووشەممە، لە شاری جەددە، حووسییەکانی هێرشیانکردە سەر وێستگەیەکی دابەشکردنی نەوت و زیانیان پێگەیاند، ئەمەش جاری یەکەم نییە، حوسییەکان لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک، هەوڵی زیان گەیاندن بە کەرتی وزەی سعوودییە دەدەن.

سعوودییە ئێران بە هاوکاریکردنی حوسییەکانی یەمەن تۆمەتبار دەکات، کارەکانیشیان بە کاری تیرۆرستی ناودەبات.

ریاز دووپاتیدەکاتەوە، سوورن لەسەر ئەوەی رووبەڕووی ئەو گروپانە ببنەوە و داواش لە جیهان دەکات هەمان کار بکەن.

Reuters