ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان: ژنان زیاتر لە پیاوان کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکانی کۆرۆنا

"حکومەت چوار هەنگاوی ناوە بۆ رێگەگرتن لە تووندوتیژی"

K24 - هەولێر

بە بۆنەی هەڵمەتی 16 رۆژەى بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و، رایگەیاند "ژنان زیاتر لە پیاوان کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکانی کۆرۆنا".

ئەنجوومەنی باڵای خانمان، لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25-11-2020)ـیدا دەڵێ "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ژنان و کچان بەشێوەیەکی جیاوازتر و زیاتر لە پیاوان و کوڕان، کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکان و، هەروەها رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی (پەتای کۆرۆنا)".

نموونەی ئەو کاریگەرییانە وەک لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای خانماندا هاتووە بریتین لە "بە ناچاری مانەوەی ژنان و کچان لە ماڵەوە، سەرقاڵکردنیان بە کاری ناوماڵ کاریگەری لەسەر سیستەمی پەروەردە کردووە و، داهاتووی خوێندیانی لێڵ کردووە. هەروەها لەگەڵ دابەزینی ئاستی داهاتی خێزان یان نەمانی سەرچاوەی داهات، ئافرەتان زیاتر لاوازبوون و رووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بوونەتەوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوە دەکرێ "زۆری کارمەندانی ئافرەت لە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوانی خستووەتە بەردەم مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە. هەروەها دەستپێڕاگەیشتنی ژنانی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کەمکردووەتەوە".

ئەنجوومەنی باڵای خانمان، باس لەوەش دەکات "حکومەت هەوڵدەدات کەشێکی لەبارتر و گونجاوتر و پێشکەوتووتر؛ یەکەم، بۆ بەشداریکردنێکی کارای ئافرەتان لەناو کایە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان بڕەخسێنین، ئەوەش بەبێ جیاوازی. دووەم، لەدژی هەر کردارێکی توندووتیژانە و پەراوێزخستنیان دەوەستینەوە و وەک ئەرکێکی حکومەت دەیانپارێزێت. سێیەم، لەرێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە و بە میکانیزم و رێوشوێنە یاساییە بەردەستەکان رێگری لە سەرهەڵدان و دووبارەبوونەوەی توندوتیژی و پەراوێزخستنەکان دەکرێت".

هەرلە ساتەوەختی سەرهەڵدانی پەتاکەوە تائێسا حکومەتی هەرێم بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم هەنگاوانەی خوارەوەی بۆ رێگرتن لە توندوتیژی ناوە:

١. لەوە دڵنیابووەتەوە، کە رێوشوێن و رێکارەکانی پاراستن، کاریگەری نەرێنی نەکاتە سەر ئەو رێکخراوە ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییانەی بواری ژنان کە لە کوردستان کار دەکەن.

٢. لەبەر کەمی بودجەی بەردەست و بڕینی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە ئامۆژگاری وڵاتانی کۆمەکبەخش و رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکات؛ هاریکاری دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە پرسی ژن و هەروەها رێکخراوەکانی بواری ئافرەتان بن، بۆ ئەوەی سیستەمی وەڵامدانەوەی حکومەت بەهێزتر ببێت، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری ئافرەتان.

٣. بەشێوەیەکی بەردەوام هەڵسەنگاندنی بۆ رێوشوێنەکانی پاراستن و هەموارکردنیان کردووە، هەروەها لەوە دڵنیابووەتەوە کە ئافرەتان بەگشتی و قوربانی توندوتیژییەکان، دەستیان بە رێوشوێن و خزمەتگوزارییەکان دەگات.

٤. لە رێگەی کەناڵە فەرمی و پارێزراوەکانەوە لەوە دڵنیابووەتەوە کە پرۆگرام و پرۆژەکانی وەڵامدانەوە رەنگدانەوەی خواستی ئافرەتانە بەگشتی، هەروەها ئەو ژنانەیە کە توندوتیژییان لەگەڵ کراوە.

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی باڵای خانمان دەڵێ "ئێمە بە دەنگێکی بەرز و هاوڕا لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی رایدەگەیەنین، کە کارکردن لەپێناو کۆتاییهێنان بە توندوتیژی پێویستی بە بەخشین، وەڵامدانەوە، پاراستن و کۆکردنەوە هەیە".