نوێنەری بەریتانیا لە UN: داوا لە هەولێر و بەغدا دەکەین رێککەوتنێکی درێژخایەن بکەن

"رێکبکەون لەسەر سەرچاوەکان و دابەشکردنی داهات"

K24 - هەولێر

نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە بەغدا و هەولێر دەکات، رێککەوتنێکی درێژ خایەن لەسەر سەرچاوەکان و دابەشکردنی داهات بکەن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ (سێشەممە، 24-11-2020) سەبارەت بە عێراق بە بەشداریی هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا جەیمس رۆسکۆ، جێگری بەوەکالەتی نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە دوایین پێشهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

لە بەشێکی گوتەکانیدا رۆسکۆ رایگەیاند "بەریتانیا خۆشحاڵە بە باشتربوونی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوانەش بە رێککەوتنی شنگال لە پارێزگای نەینەوا، ئەو رێککەوتنە گەڕانەوەی هەزاران ئێزدی بۆ شوێنی خۆیان لێ بەرهەمدێت".

هەروەها رایگەیاند "پێویستە گرووپە چەکدارەکان هەماهەنگی بکەن بۆ جێبەجێبوونی ئەو رێککەوتنە، لەهەمان کاتدا پێویستە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە هاوکار بن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و بووژاندەنەوەی ئابووری".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشیدا، نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە لەوەی "داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەین، رێککەوتنێکی درێژخایەن لەسەر سەرچاوەکان و دابەشکردنی داهات بکەن".