لە چەمچەماڵ "تەڵەکەبازێک" کە خێزانی شەهیدانی کردبووە ئامانج، دەستگیرکرا

2500 دۆلاری لە خێزانی شەهیدێک وەرگرتبوو بەناوی دروستکردنی خانوو

K24 - هەولێر

تۆمەتبارێک لە چەمچەماڵ دەستگیرکرا، کە بەناوی رێکخراوی خێرخوازی خۆی ناساندووە و بەنیازبووە قۆڵی کەسوکاری شەهید و پێشمەرگە و خێزانە کەمدەرامەتەکان ببڕێت.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25-11-2020) راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو کەسە "تەڵەکەبازە" بڵاوکردەوە و، ئاشکرای کرد ناوی (ئ. ق. ف.)ـە، دانیشتووی ناحیەی تەکیەی کاکەمەندە و تەمەنی 30 ساڵە.

تۆمەتبارەکە بەپێی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی "لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کەسوکاری شەهید و پێشمەرگە و خێزانە کەمدەرامەتەکانەوە کردووە، بەناوی رێکخراوێکی خێرخوازی ساختە خۆی ناساندووە، پاشان بەڵێنی پێداون کە خانوویان بۆ بکڕێت، بەمەرجێک 20٪ـی نرخی خانووەکەی پێبدەن".

تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوەکەدا دانی بەوەدا ناوە بڕی 2500 دۆلاری لە هاووڵاتییەک بەناوی (ش.م.ح.) وەرگرتووە، کە خێزانی شەهیدێکی پێشمەرگەیە و، پەیوەندی بە کەسێکی دیکەشەوە کردووە و لەسەر ئەوە رێککەوتوون بڕی 6000 هەزار دۆلاری لێوەربگرێت لەبەرامبەردا خانوویان بۆ بکڕێت.

ئەو گەنجە "تەڵەکەبازە" فریانەکەوتووە ئەو بڕە پارەیە وەربگرێت و، بەپێی راگەیەندراوەکە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی چاودێری ورد کراوە و لەناو بازاڕی چەمچەماڵ دەستگیرکراوە.

تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ، بەپێی ماددەی (456) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەکاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی گوماناوی، پەیوەندی بە ئاسایشی سنوورەکەیانەوە بکەن، بەمەبەستی بەدواداچوون لەڕاستی و دروستی بابەتەکان و لێکۆڵینەوە.

 

هـ.ر.