جیهانی تۆپی پێ ئەفسانەیەکی گەورەی لەدەستدا

مارادۆنا كۆچی دواییكرد

K24- هه‌ولێر:

جیهانی تۆپی پێ ئەفسانەیەکی گەورەی لەدەستدا، دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا بە هۆی جەڵتەی دڵ لە یەکێك لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی "ئه‌رجه‌نتین" له‌ ته‌مه‌نی 60 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مارادۆنا کە لە ژیانی وەرزشیدا چەندین دەستکەوتی گەورەی هەبوو، سەرەتای ئەم مانگە تووشی نەخۆشیەکی دەگمەن لە مێشکیدا بوو و بەم هۆیەوە لە نەخۆشخانەیەکی بۆینس ئایرسی وڵاتەکەی خەوێندرا و دوای چەند رۆژێکیش نەشتەرگەریەکی سەرکەوتووی بۆ کرا.

ئەفسانەکەی تانگۆ 30ی ئۆکتۆبەری رابردوو رۆژی لەدایك بوونی بوو، دوای 4 رۆژ تووشی نەخۆشیەکی دەگمەن بوو، بەڵام دواتر ئەم نەخۆشیەی چارەسەری بۆ کرا و نەخۆشخانەی جێهێشت، کەچی ئەمجارەیان تووشی جەڵتەی دڵ بوو و بە یەکجاری هاندەرەکانی لە تەواوی جیهان غەمبار کرد.

مارادۆنا سەرەتای کاروانی وەرزشی لەگەڵ یانەی ئارجێنتینیۆس جۆنیۆری وڵاتەکەی بوو، ئەو کاتەی تەمەنی تەنها 16 ساڵ بوو، خاوەنی بەهرەکەیەکی گەورە بوو و دوای 5 ساڵ پەیوەندی بە یەکێك لە یانە گەورەکانی وڵاتەکەی، واتە بوکاجۆنیۆرزەوە کرد.

دیێگۆ لە ژیانی وەرزشیدا یاریی بۆ 7 یانە کردووە، دیارترینیان بارسێلۆنا و ناپۆلی بوو و لەگەڵ ئەو یانەیە چەندین دەستکەوتی بەدەست هێنا.

مارادۆنا ناوبانگێکی گەورەی لەگەڵ ناپۆلی دروست کرد، ئەو یاریزانە لەلایەن خەڵکی ئەم شارەی ئەوانەی کە پەیوەندیان بە وەرزشیشەوە نەبوو، زۆر خۆشەویست بوو و وایلێهات گەڕەکێکی شارەکەی خۆیان بە ناوی ئەو یاریزانە کرد.

ئەفسانەکەی ئارجێنتینا سەردەمی زێڕینی لە مۆندیالی 1986ی مەکسیك بوو و توانی بە ئاستە بەرزەکەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکاتە پاڵەوانی جیهان و ناوێکی گەورەتریشی بۆ خۆی دروستکرد.

مارادۆنا لە کاتی ئاهەنگێرانی رۆژی لەدایكبوونی کە کۆتایی مانگی رابردوو بوو، هیوای ئه‌وه‌ی خواست كۆتایی به‌ نەخۆشی کۆرۆنا بهێندرێت و دواجار لە تەمەنی 60 ساڵیدا و بە هۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

H.B