مەلا بەختیار ھەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت

"ئەم بڕیارە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە"

K24 – ھەولێر

لەبارەی بڕیاری سڕكردنی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەی، مەلا بەختیار رایدەگەیەنێت، بڕیارەكە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە و چاوەڕێی ھەڵوێستی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەكات دواتر ھەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "چاوەڕێ‌ دەكەم بزانن ئەنجومەنی باڵا سیاسی لەسەر ئەم بڕیارە، كە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە ‌و پێشلێكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتییە، كە جەنابی كاك كۆسرەت سەرۆكی ئەنجومەنە، بزانم چ هەڵوێستێكیان دەبێـت، ئەوكاتە لەبەر رۆشنایی هەڵوێستی ئەنجومەكە، منیش هەڵوێستی خۆم رادەگەیەنم".

مەلا بەختیار دەشڵێت: "بۆ چركەیەك ئەم بڕیارە كاریگەری لەسەرم نەبووە. هەر لەناو هاوكێشەكاندام و كاراكتەرێكم لەو كارەكتەرانەی كە كاریگەریم هەیە و كاریگەریشم لەسەر دەبێ"‌.

ئەو گوتانەی مەلا بەختیار لەمیانی دیدارێكیدا بووە لەگەڵ ژمارەیەك ھونەرمەندان لە شاری سلێمانی.

ئەمەش دوای ئەوەدێت لە كۆبوونەوەی 21/11/2020، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بەھۆی بڵاوکردنەوەی کتێبه‌كه‌ی (لەبری بیرەوەری) و كاردانه‌وه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌، بڕیاری سڕكردن بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ده‌ركرا.