جوتیار عادل: ئەگەر بەغدا 320 ملیار دینار نەنێرێت حكومەتی ھەرێم بژاردەی دیكەی دەبێت

"حكومەتی ھەرێمی كوردستان درێخی ناكات لە دابینكردنی مووچە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جەختده‌كاته‌وه،‌ نابێت به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ سیاسی بكات، ئەگەر بەغدا 320 ملیار دینار نەنێرێت ئەوا حكومەتی ھەرێم بژاردە و جێگرەوەی دیكەی دەبێت.

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ی رایگه‌یاند: "ئەگەر بەغدا 320 ملیار دینار نەنێرێت ئەوا حكومەتی ھەرێمی كوردستان بژاردە و جێگرەوەی دیكەی دەبێت، بەڵام سه‌ره‌تا چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی به‌غدا ده‌كه‌ین بۆ ره‌وانه‌كردنی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان و پرسی دابه‌شكردنی مووچه‌ش له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی حكومه‌ته‌".

گوتەبێژی حكومەتی ھەرێم گوتیشی: "حكومەتی ھەرێم درێخی نەكردووە بۆ دابینكردنی مووچە و درێخیش ناكات، لە ماوەی رابردوودا قەرزی كردووە، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، ئێستاش ئامادەیە رێكاری یاسایی و گونجاو بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دابەش بكات".

راشیگەیاند: "لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا كردووە، ھەروەھا بە نووسراو ئاماژە بەو بابەتە دەكرێت، تەئكیدیش لەوە دەكەینەوە ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندییەكی بە یاسای پڕكردنەوەی بودجەی عێراقەوە نییە، بەڵكو ئەمە شایستەی خەڵكی ھەرێمی كوردستانە".