"ئابووری عێراق بەگەندەڵییەكی گەورەدا تێدەپەڕێ"

عەلی عەلاوی: تەنیا 10%ـی داھاتی دەروازەكان دەچێتەوە گەنجینە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئابووری وڵاتەكە بە گەندەڵیەكی زۆر گەورە تێدەپەڕێت.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاماژەیدا، ئابووری عێراق بە گەندەڵییەكی زۆر گەورەدا تێدەپەڕێت، بەجۆرێك كورسی فەرمانبەران لە دەروازە سنوورییەكان لە نێوان 50 بۆ 100 ھەزار دۆلاری ئەمەریكی دەفرۆشرێت.

عەلاوی راشیگەیاند، ئەو كۆمەڵە قەیرانەی كە چەندین ساڵە  بەرۆكی عێراقی گرتووە تا  ئەو كاتە بەردەوام دەبێت، كە نرخی ھەر بەرمیلێك نەوت دەگاتە 70 دۆلار، بەڵام پێشبینی ئەوە ناكرێت كە نرخی نەوت بۆ ئەو ئاستە بەرزبێتەوە ، بۆیە پێویستە چارەسەری خێرا بدۆزرێتەوە، ئەگەرنا ئەوەی داھاتووی عێراق وەك داھاتووی فەنزوێلای لێدەێت.

جەختیشیكردەوە، بەھۆی زۆربوونی گەندەڵییەكان، تەنیا 10%ـی داھاتی دەروازە سنوورییەكان كە دەكاتە 8 ملیار دۆلار دەچێتە گەنجینەی وڵاتەوە.