بەھۆی كودەتا شكستخواردووەكەوە لە توركیا 337 كەس بە زیندانیكردن "بەدرێژایی ژیان" سزادران

دادگاییكردنی دیكەش بەڕێوەدەچێت لەگەڵ ژمارەیەكی زیاتر لە تۆمەتباركراوان

K24 – ھەولێر:

لە كۆتایی دادگا سەرەكییەكەی پەیوەست بە كودەتا شكستخواردووەكەی دژ بە سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی 2016، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای ئەنقەرە بڕیاری دا بە زیندانیكردن "بەدرێژایی ژیانیان" بۆ 337 كەس كە لە نێوانیاندا ئەفسەر و فڕۆكەوانانی سوپای ئاسمانی توركیایی ھەنە.

ئەو كەسانە تۆمەتباركران بە "ھەوڵی كودەتاكردن دژ بە سیستەمی دەستوور"، "ھەوڵی كوشتنی سەرۆك" و ئەنجامدانی تاوانەكانی بە مەبەست" بە پێی كورتەی بڕیاری دادگا، كە بەدەست ئاژانسی فرانس پرێس كەوتووە.

لە لایەكیدیكەوە 60 كەسی دیكە زیندانی كران بە ماوەی جیاجیا و 75 كەسیش لە كۆتایی دادگایەكەدا بێبەری و بێتاوان دەرچوون لەو دادگاییەی نزیكەی 500 كەسی گرتبووەخۆی.

لە نێو ئەو حوكمدراوانە فڕۆكەوان ھەنە، ئەو شوێنانەیان بوردوومان كردووە، كە بە ھێما دادەنرێن لە ئەنقەرەی پایتەخت، وەك پەرلەمان. ھەروەھا لە نێوانیاندا ئەفسەر و خەڵكی سیڤیلیش ھەنە، كە سەركردایەتی كودەتاكەیان كردووە لە بنكەی ئەكنجی لە شەوی 15-16 تەمووزی ساڵی 2016.

زۆربەی ئەو تۆمەتبارانە بە زیندانیكردن بە درێژایی ژیان حوكمدران لە گەڵ "رەوشی توند"ی سزاكە.

ئەمەش رەوشێكی زیندانیكردنی زۆر توند دەگرێتە خۆی و ئەم سزایە، شوێنگرەوەی سزادانی لە سێدارەدانە، كە لە ساڵی 2004 لە توركیا ھەڵوەشایەوە.

ئەردۆغان، بانگخواز فەتحوڵڵا گولەن تومەتبار دەكات بە پلانداڕشتن بۆ ئەنجامدانی ئەو كودەتایە، گولەن ھاوپەیمانی پێشووی سەرۆكی توركیا بوو و ئێستا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە و رەتدەكاتەوە دەستی لەو كودەتایەدا ھەبێت.

لەو كاتەوەی كودەتاكه‌ شكستیخواردووه‌، دەسەڵاتدارانی توركیا بێ بەزەیانە شاڵاوی دەستگیركردنیان دژ بە لایەنگرانی گولەن دەستپێكردووە بە شێوەیەك لە مێژووی نوێی توركیادا ھاوشێوەی نەبووە.

بەدەیان ھەزار كەس دەستگیركراون و زیاتر لە 140 ھەزار كەسیش لە پۆستەكانیان دوورخرانەتەوە.

تا ئێستاش دەسگیركردن بەردەوامە، ھەرچەندە دوای تێپەڕبوونی 5 ساڵ بەسەر كودەتاكەدا ھەندێك كەمیكردەوە.

ھاوكات دادگاییكردنی دیكەش بەڕێوەدەچێت لەگەڵ ژمارەیەكی زیاتر لە تۆمەتباركراون، كە 520 كەسن لە چوارچێوەی دۆسییه‌كی پەیوەست بە چالاكییەكانی پاسەوانانی كۆماری لە شەوی كودەتاكەدا.

تاكو ئێستا 289 دادگاییكردنی پەیوەست بەو كودەتایە تەواوبوونە و ئێستاش 10 دادگاییكردن بەردەوامن.

دادگاكان تاكو ئێستا نزیكەی 4500 كەسیان حوكمداون و نزیكەی 3 ھەزار كەسیش لەمانە بەزیندانیكردن "بەدرێژایی ژیان" حوكمدراون، بەپێی ئەوەی لە ژمارە فەرمییەكان دەردەكەون.