رێبەر ئەحمەد: لامەركەزی ئیداری قۆناغی باشی بڕیوە

نووسینگەی پاسپۆرت لە چەمچەماڵ كرایەوە

K24 – ھەولێر:

به‌ ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی ناوچەکە، نووسینگەی پاسپۆرت لە چەمچەماڵ کرایەوە.  وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند،  لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەمانەوێت بەشێک لەو خزمەتگوزاریانەی لە وەزارەتی ناوخۆ پێشکەش بە ھاووڵاتییان دەکەین، نەک ھەر شۆڕی بکەینەوە بۆ پارێزگاکان، بەڵکو دەمانەوێت فەرمانگەکانیش لە پارێزگاکان بگوازینەوە قەزاکان، هه‌روه‌ها وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، لەماوەی 10 رۆژی داھاتوودا، ھاوڵاتییانی چەمچەماڵ دەتوانن مۆڵەتی شۆفێری دەربێھنن و نوێی بکەنەوە و پێویست ناکات ئیتر سەردانی سلیمانی بکەن .

لە ئامادەکاری کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ، یەکەم پاسپۆرت لە چەمچەماڵ درایە نەوەی شەھیدێک، کە باوکی تاقانەی ئەنفالە. لەمەودوا ھاوڵاتییان لە چەمچەماڵ و دەوروبەری دەتوانن لەنووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەمال پاسپۆرت دەربھێنن و نوێی بکەنەوە. وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، لە ماوەی ھەفتەیەک تا 10 رۆژی دیکە وا دەکەن مۆڵەتی شوفێری لە چەمچەماڵ بدرێتەوە، ھەروەھا نابێ چیتر مۆڵەتی شوفێری 10 رۆژی پێ بچێت، بەڵکو دەبێ ھەمان رۆژ کە دەردەچێت مۆڵەتەکە بدرێتەوە.

بەھەوڵی وەزارەتی ناوخۆی ھەریمی کوردستان، ڕۆژی یەکی ئەیلوولی ئەم ساڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق مۆڵەتی بە کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆڕتی چەمچەماڵ دا، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆڕتی سلێمانی دەبێت. بەشیک لەکارمەندانی پاسپۆرت لەسلێمانی تا ماوەیەک راھینان بەکارمەندانی نوسینگەکە دەکەن تا ئەو کاتەی زیاتر ئاشنای کارەکەیان دەبن.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوو ئامانجی ھەیە، ئەویش چاکسازی و خزمەتگوزاری، چاکسازی قۆناغی باشی بڕیوە، کردنەوەی ئەو دامودەزگایانەش بەشێکە لە چاکسازی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ئاسانترین شێوە بۆ ھاووڵاتییان.