سكۆتله‌ندا.. دووه‌م راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی له به‌ریتانیا ئه‌نجام ده‌دات
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "تایمز" بڵاویكرده‌وه، سه‌رۆك وه‌زیرانی سكۆتله‌ندا، "نیكولا ستورجۆن" رایگه‌یاندووه، ساڵی داهاتوو له نزیكترین ده‌رفه‌تدا راپرسی دووه‌م بۆ جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی له به‌ریتانیا ده‌كه‌ین.
سه‌رۆك وه‌زیرانی سكۆتله‌ندا، كه هاوكات سه‌رۆكی پارتی نیشتمانی سكۆتله‌ندایه، پێشبینی ده‌كات، له چاره‌كی یه‌كه‌می ساڵی داهاتوودا پرۆسه‌ی راپرسی بۆ جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمه‌كه‌یان له به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌بچێت.
له لێدوانی‌دا بۆ رۆژنامه‌ی "تایمز" ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی هه‌رێمی سكۆتله‌ندا راشیگه‌یاندووه، پێویسته ده‌رفه‌ت بدرێته خه‌ڵكی سكۆتله‌ندا له به‌شی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی داهاتوو له نێوان سه‌ربه‌خۆبوون و مانه‌وه له به‌ریتانیا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت.
دوای ده‌رچوونی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا، هه‌رێمی سكۆتله‌ندا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات له به‌ریتانیا جیا بێته‌وه و وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بچێته ناو یه‌كێتی ئه‌وروپا.