رێكخراوێك بەناوی خێرخوازی لە دھۆك بە ملیۆنان دۆلاری ھاووڵاتییان دەبات

سێ تۆمەتبار دەستگیر كران

K24 – دھۆك

لە شاری دھۆك رێكخراوێك بەناوی كاری خێرخوازی بە ملیۆنان دۆلار پارەی ھاووڵاتییان دەبات و سێ كەس ئەندامانی رێكخراوەكەش دەستگیر كراون.

یەكێك لەو ھاووڵاتییانەی كەوتووەتە تەڵەی ئەو رێكخراوە بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد كە 40 ھەزار دۆلاری لەلایەن ئەو رێكخراوە براوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، ئەو رێكخراوە زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار پارەی خەڵكی بردووە، بەشێك لەو كەسانەی كەوتوونەتە تەڵەی رێكخراوەكە خەڵكی بازرگانن.

لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی 2019 ئەو رێكخراوە بارەگای خۆی لە دھۆك كردووەتەوە، بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئەوان ھاوكاری خەڵكی ھەژار و كەمدەرامەت دەكەن، بەناوی بازرگانی و كاری خێرخوازی پارەی زۆریان لە خەڵك وەرگرتووە و خەڵكیش باوەڕیان پێكردون.

بەشێك لەو كەسانەی پارەیان لێ براوە، لە دادگا سكاڵایان دژی ئەو رێكخراوە تۆمار كردووە.

ھێمن سلێمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دھۆك بە كوردستان24ی گوت: "ئەو رێكخراوە فێڵی زۆری لە خەڵك كردووە و زیاتر لە 10 كەس سكاڵایان دژی رێكخراوەكە تۆمار كردووە و دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ پێنج كەس دەركردووە كە لە رێكخراوەكەدا كاریان كردووە، سێ كەسیان دەستگیركراون، ئومێد دەكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا دوو تۆمەتبارەكەی دیكەش دەستگیر بكرێن و پارەی ھاووڵاتییان بگەڕێندرێتەوە".