پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان پەسەند کرا

کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان مافەکانیان پارێزراو دەبێت

K24 – ھەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و بەپێی ئەو پەیڕەوە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بەشێوەیەکی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوەکانیش گوتی: دەستمان بە جێبەجێکردنی پەیڕەوەکە کردووە و بەڵگەنامەی ھەموو شەھیدان دەگەڕێنینەوە بۆ وەزاره‌تی كاروباری شەھیدان لە پێناو پاراستی ماف و ئیمتیازەکانیان بە شێوەیەکی شایستە.

سالار مەنتک، برای شەھیدی فەرماندە سەربەست مەنتک، یەکێکە لەو ھەزاران کەسوکارەی شەھیدانەی کە لە ھەرێمی کوردستان له چاوەڕوانى ڕايیکردنی مامەڵەکانیانن و دەخوازن كۆتايى بەو گرفتانەيان بێت، كه لە فەرمانگەکان بۆيان درووست دەبێت.

سالار مەنتك گوتی: ئەوەى ئێمە چەند ساڵێکە چاوەڕوانین، حکومەتی ھەرێمی کوردستان كۆتايى پێھێنا و باشترین بڕیاری دا.

وەزارەتی شەھیدان دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ئەو پەیڕەوە.  جگە لە چارەسەرکردنی کێشە یاسايی و ئیدارییەکانی،  شەھیدانى دەستى تیرۆر و ئەنفال و کیمیاباران و ئەو فەرمانبەرانەى، کە لە کاتی ئەرکدا تیرۆر دەكرێن، جێگەیان بۆ کراوەتەوە و  وەک شەھیدی سەنگەر تۆمار دەکرێن. بە پێی دواین بڕوانامە و دوا مووچە و دەرماڵە، کە لە کاتی خزمەت ھەیبووه بە کەسوکاری دەدرێت.

پەیڕەوەکە لە 6 مادە پێکھاتووە، ئەوەی گرنگی پێدراوە کۆی بەڵگەنامە و شایشتە داراییەكانى شەھیدان و ئەنفالکراوان دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی شەھیدان و ھاوشان لەگەڵ یاسای چاکسازیی ماف و ئیمتیازی سەرجەم ئەو شەھیدانەى شایستەن پارێزراو دەبێت.