عێراق، هه‌سه‌ده‌ به‌ چاوپۆشیکردن لە دزه‌كردنی تیرۆریستان تۆمه‌تبار ده‌كات

"هەندێکجار ئەو هەلە لەلایەن تیرۆرستانەوە دەقۆزرێتەوە"

K24 - هەولێر

سوپای عێراق هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به‌ چاوپۆشیکردن لە دزه‌كردنی تیرۆریستان بۆ نێو خاكی عێراق تۆمه‌تبار ده‌كات.

دوای دوو رۆژ لە شکستپێهێنانی هەوڵێکی چەکداران بۆ پەڕینەوە لە خاکی رۆژئاوای کوردستانەوە لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـن بۆ نێو خاکی عێراق، دوێنێ (هەینی، 27-11-2020) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، هەسەدەی تۆمەتبار کرد بە چاوپۆشیکردن لە پەڕینەوەی ئەو تیرۆرستانە.

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، "هەسەدە، دەسەڵاتی لەودیو سنوور هەیە لە سووریا. مامەڵەکردن لەگەڵیاندا سەختە و هەندێکجار ئەو هەلە لەلایەن تیرۆرستانەوە دەقۆزرێتەوە، هەندێکجاریش بە حاڵەتێکی لاوازیدا تێدەپەڕن، یان چاوپۆشی دەکەن و بەو هۆیەوە تیرۆرستەکان دەپەڕنەوە عێراق".

عێراق و سووریا 610 کیلۆمەتر سنووریان لەنێواندا هەیە، بۆیە کۆنترۆڵکردنی ئەو سنوورە و رێگریکردن لە هاتنەناوەوەی تیرۆرستان بۆ نێو خاکی عێراق، لەو سنوورەدا کە بەگوتەی خەفاجی "کەلێنی ئەمنیی تێدایە"، کارێکی ئاڵۆزە.

پێشتریش سوپای عێراق رەخنەی لە رژێمی بەشار ئەسەد گرتووە سەبارەت بە دۆسیەی سنووری لەگەڵ عێراق. لە کۆتایی مانگی ئەیللوولی رابردوودا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاندبوو "لاوازییەک لە ناوچە سنوورییەکان، لە سنووری سووریا هەیە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی تیرۆرستان لێیەوە دزەبکەنە نێو خاکی عێراق".

 

هـ.ر.