بەر لە کۆبوونەوەی ئۆپێک نرخی نەوت بەرزبووەوە

ڤاکسینی کۆرۆنا و هەواڵەکانی ئۆپێک پڵەس نرخی نەوت بەرزدەکەنەوە

K24 - ھەولێر

سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت لە مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا جووڵەیەکی ئەوتۆی نەکرد، بەڵام لەسەر ئاستی هەفتانەدا بۆ چوارەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.

نرخی نەوت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو بۆ 48.18 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە. بۆ مانگی شوباتیش بۆ 48.25 دۆلار بەرزبووەوە.

بەڵام نرخی نەوتی سووکی تێکساس بە پێچەوانەوە بۆ 45.53 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.

لەسەر ئاستی هەفتانەش نرخی نەوتی برێنت بە درێژایی هەفتەی رابردوو بە رێژەی 7.2% بەرزبووەوە، نەوتی سووکی تێکساسیش لەو ماوەیەدا بە رێژەی 8% بەرزبووەی تۆماركردوە.

هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیە بەرچاوەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆزینەوە و دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا و ئەگەرەکانی درێژکردنەوەی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، لە لایەن ئۆپێک پڵاسەوە بۆ سێ مانگی دیکە.