له‌ هه‌ریر "کچێکی تەمەن 13 ساڵ لەبری قەرز دەدرێتە پیاوێکی 40 ساڵ"

"پیاوەکە منداڵ و سێ هاوسەری دیکەی هەن"

K24 - هەولێر

تەنیا یەک رۆژ دوای هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیریی پیاوێکی ئێزدی لەگەڵ کچێکی تەمەن 14 ساڵ، بەهۆی جیاوازیی زۆری تەمەنیان، شەوی رابردوو لە ناحیه‌ی هەریری سنووری پارێزگای هەولێر، پیاوێک کە "خاوەنی سێ ژنە"، کچێکی تەمەن 13 ساڵی گواستووەتەوە.

هاوسەرگیریی منداڵان لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا قەدەغەیە، هەرکەسێک بییەوێت هاوسەرگیری بکات، دەبێت تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتر بێت، بەڵام زۆرجار ئەوانەی تەمەنیان بچووکە، پەنادەبەنە بەر پیاوانی ئایینی و تەنیا لەڕێگەی "شەرعەوە" ماره‌بڕ دەکرێن و دەگوازرێنەوە.

بەهار مونزیر، لە رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کچە تەمەنی تەنیا 13 ساڵە، لە هەریر دراوە بە پیاوێک، کە خزمی باوکییەتی و تەمەنی پیاوەکە 40 ساڵە، ئەو پیاوە ژنی دیکە و منداڵیشی هەن.

ئەو رووداوە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان لە هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانە، بەهار مونزیر دەڵێ "بەهۆی ئەو هاوسەرگیرییە ئێمە سبەی لە پارکی نالی له‌ سلێمانی دەوەستین".

بەگوتەی ئەو چالاکوانەی گەشەپێدان و مافی ژنان، هاوسەرگیریی منداڵان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەبووە، دەشڵێ، "ئەو کچە یەکێکە لە منداڵترینەکان كه‌ بیستبێتم بەشوودرابێت و هاوسەرگیرییەکەی لەبری قەرز بووە! باوکی کچەکە پێنج ملیۆن دینار قەرزاری ئەو پیاوە بووە، کە شەوی رابردوو هاوسەرگیریی لەگەڵ کچەکەی کرد!".

بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە لە یاسا رێگەپێنەدراوە لە هەرێمی کوردستان، بەهار مونزیر دەڵێ، ئەمە تەنیا بەڕێگەی مەلا مارەبڕ کراون.

هەرچەندە مەلاکان رەزامەندی کچ وەردەگرن لەکاتی مارەبڕیندا، بەڵام دەتوانن لەڕێگەی "وەلی ئەمر" مارە بکرێن و بەگوتەی بەهار مونزیر، زۆرجاریش دایک و باوک هەڕەشە لە کچەکەیان دەکەن، بۆیە لەلای مەلا دەڵێن بە هاوسەرگرییەکە رازین.

د. حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەبارەی ئەو هاوسەرگرییەوە کە "کچێک لەبری پارە بدرێتە پیاوێک" دەڵێ "ئێمە، ئەوجۆرە هاوسەرگیرییەمان پێ دروست نییە".

لەبەشێکی دیکەی گوتەکانی بۆ کوردستان24 د. حەسەن سەبارەت بە سزادانی ئەو مامۆستا ئایینیانەی لەو جۆرە کەیسانەدا دەبنە پرد و شەرعییەت بە هاوسەرگیرییەکە دەدەن، دەڵێ "دەبێت بانگهێشت بکرێن بۆ لێکۆڵینەوە، ئەگەر ئەندام بێت لە یەکێتیی زانایان، ئێمە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەین، ئەگەر لە وەزارەتی ئەوقاف کارمەند بوو، ئەوان لێكۆڵینه‌وه‌ دەکەن، بەڵام ئەگەر هەر وا نەبوو، کەیسەکە دەکەوێتە دەست داواکاری گشتی".

سەبارەت بە گونجاویی هاوسەرگیرییەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا دەڵێ "هاوسەرگری پێویستی بە مەوەدە و رەحمەت هەیە، ئەگەر لەبری پارە درابێتە پیاوێک، رەنگە بە سووکی سەیربکرێت، بۆیە گونجاو نییە".

هەروەها دەڵێ "لەڕووی ئایینەوە ئافرەت دەبێت پرسی پێبکرێت بۆ هاوسەرگری، دەبێت باڵغ بووبێت و وەلی ئەمری کە باوکی دەکات، پەسەند بێت، ئەوکاتە بە وەلیی ئەمری دادەنرێت، بۆ ئەوەی هاوسەرگیرییەکەی تەواو بێت".

رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، سبەی بە درووشمی "دەستدرێژی سێکسی بە ناوی هاوسەرگیریەوە راگرن" هەمووان بانگهێشت دەکات بۆ وەستانێک لەبەرامبەر دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بە ناوی هاوسەرگیریەوە.

رێکخراوەکە لە رێگەی فەیسبووکەوە نووسیویەتی "داواکارین هەمووان بەشدار بن و یەك دەنگ بین بەرامبەر ئەم کردەوە نامرۆڤانەی رۆژانە روودەدەن، بانگهێشتی هەمووان دەکەین بۆ کارێکی فراوان و پێکەوەیی لەسەر ئەم دۆسیە دژەمرۆڤانە، پێکەوە فشار دروست دەکەین بۆ وەستانەوە و پاراستنی کچانی نەوجەوان لە هەرێمی کوردستان.. شوێن: پارکی نالی لە سلێمانی، کاتژمێر 11 پێش نیوەڕۆ".

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەو کچە تەمەنی 13 ساڵە، بەڵام سەرچاوەی دیکە دەڵێن تەمەنی 16 ساڵە و هاوسەرەکەی، تەمەنی 40 ساڵە و خاوەنی سێ ژنە و پیاوێکی دەوڵەمەندە.