هەباسە... لە راوێژتەپە چ باسە؟

Kurd24

سەردەمانێک لە گوندی راوێژتەپە، كەس دەستی بەئاودا نەدەكرد بەبێ‌ پرس و راوێژی ئەو زاتە. جەنابیان ئاقڵترین و بەهرەوەرترین و داناترین كەسی ناو گشت خێڵ و هۆزەكانی ئەو دەوروبەرەبوو. لەخۆشی و ناخۆشیدا خەڵك بەپێی خۆیان رۆژەڕێیەكیان دەبڕی و لەهەموو لایەكەوە دەچوونە خزمەت جەنابی راوێژکار و لێیدەپاڕانەوە تا لوتفبكاو رێوشوێنی راستیان پێشانبدات!

پاشنیوەڕۆیەكی گەرمی هاوین بوو، دوو برا بە سەروچاوی خوێناوی و جلوبەرگی دادڕاوەوە بەخۆو دوو گوێدرێژی ماندووەوە خۆیان كرد بە لای جەنابی راوێژكاردا... هەردوو برا پێكەوە و هەردوو گوێدرێژیش پێكەوە، سكاڵایان دەكردو دەسەڕین! جەنابی راوێژکار هیچیان لێ حاڵی نەبوو  تا لێیان راستبۆوە و بەسەریاندا نەڕاندی: یەك یەك هەی بێ دەماغینە!! یەك یەك قسە بكەن و یەك یەك بسەڕن! بەو حاڵەیشەوە هەردوو گوێدرێژەکە لەپێش دوو براکەدا بێدەنگ بوون لە سەڕین کەوتن.

هەر چۆنێ بوو جەنابی راوێژکار تێگەیشت كە كێشەی ئەم دوو برا بەشەڕهاتووە تازە نییە و چەند مانگێكە هەموو رۆژێ‌ ئەمیان دەڵێ‌ ئەوە گوێدرێژەكەی منە و ئەویتریان بەگژیدا دەچێتەوە و دەڵێ‌ نەخێر ئەوە کەری منە! ئیتر دەمەقاڵیەكانیان توندتر دەبێ‌ و دەگات بەوەی چینێكی باش لەیەكدی هەڵدەدەن.. وا ئەمڕۆش پاش ئەوەی حەسیرمەیدانیان بەیەکتری کردووە و تێر لە یەکتریان هەڵداوە، هەندێ‌ هاوسێ‌ و ناسیاو ئامۆژگارییان كردوون بێنە خزمەتی جەنابی راوێژکار تا كێشەكەیان بۆ چارەسەربكات.

جەنابیان كەمێ‌ لە هەردوو براو لە هەردوو گوێدرێژەکە راما و وتی: هەر ئەمەیە کێشەکەتان؟ هەی داڕزێن... ئەگەر هەر ئەوەندە بێت ئیشتان ئاسانە... تۆ! (بە لووتی پێڵاوەکانی سەرپێیەوە ئاماژەی بۆ یەكێكیان کرد) تۆ كامیان بە كەری خۆت دەزانی، هەر ئێستا بە بەرچاوی منەوە ئەوەندەی سەری پەنجەیەکت لەكلكی ببڕە. سبەی بەیانی كە لەماڵ دەردەچن، كەری خۆت بەكلكە بڕاوەكەیدا بناسەوە! باشە؟! تێگەیشتن؟! دەبڕۆن دەی! خوا بتانكات بەقوربانی کەرەکانتان!

لە نیوەشەودا، خاوەنی كەری كلك بڕاو، غایلەیەك بەمێشكیدا هات و خۆی بە مەغدوور زانی! بۆیە بڕیاریدا تۆڵەی خۆی و كەرەكەی بسێنێ‌!  بە قەمەیەكی تیژەوە خۆی گەیاندە كەری براكەی و كلكی ئەویشی بڕی!  بۆ سبەی كە دووبرا چوونە لای گوێدرێژەكانیان دیتیان هەردووکیان كلك بڕاون! دیسان قەوما و شەڕ هەڵگیرسا.. یەکتریان لەناو تەرسی گوێدرێژەکاندا گەوزاند، هەرچۆنێ بوو بەسەری شکاو و پاشەڵی دڕاوەوە، خۆیان گەیاندەوە دیوەخانی جەنابی راوێژکار.. ئەمجارە جەنابیان ئەمری كرد پارچەیەك لە گوێی كەرێكیان ببڕدرێ‌ تا لەوی تر جیابكرێتەوە!. دیسان خاوەنی كەرە گوێبڕاوەكەیان بەرەبەیانێكی زوو بەنیازی تۆڵە سەندنەوە، خۆی گەیاندە كەری براكەی و گوێی ئەویشیانی بڕی!  بۆ سبەی هەردوو برای ئاقڵ و سەلار، لەسەر دوو كەری بەستەزمانی كلك وگوێ‌ بڕاو لێیان بووەوە بەشەڕ و شرتوشۆیان لەیەكتر بڕی! پاشنیوەڕۆكەی خۆیانگەیاندەوە لای جەنابی راوێژکار (خوا بیپارێزێ‌!) جەنابیشیان پاش تێڕامانێكی كەم، فەرمانیدا چاوی چەپی یەكێ‌ لە گوێدرێژەكان كوێر بكرێ‌! هەڵبەتە ئەمری جەنابشیان رەتكردنەوەی بۆ نەبوو! خاوەنی كەری چاو كوێركراو لەدڵیدا بوو بەگرێ و ئەو شەوە تا بەرەبەیان بەو حەسرەتەوە خەوی لێزڕا! دەمە دەمی نوێژی بەیانی بوو، خۆی گەیاندە كەری براكەی و چاوی چەپی ئەو بەسەزمانەیشی كوێر كرد! دیارە كە سبەی بەیانی وەختێ‌ چوونە لای دوو كەرەی داماوی كلك و گوێبڕاوی و كوێركراو، چی روویدا! دەستەو یەخە، بە پاچ وخاكەناز بەربوونە گیانی یەكتر و گیانی ئەو دوو گوێدرێژە چارە رەشە!. خزم و كەسوكار، وەك هەمیشە، كەوتنەوە ناوبژیكردنیان و بەخۆ و بە دوو گوێدرێژی كۆڵەوارەوە، بردیاننەوە بۆ خزمەت جەنابی راوێژکار تا چارەیەكی بن بڕی ئەم كێشە سەختەیان بكات! جەنابیشیان، ئەمجارەیان بە هەیبەت و تووڕەییەكی زۆرەوە  لێیان هاتە پێش و نەڕاندی: داخی گرانم كە ئێوە ئەوەندە نەفام و گێل و بێ‌ مێشكن! هەرچی هەوڵێكتان لەگەڵ دەدەم بێ‌ سوودە! بەنیاز نەبووم لەوە زیاتر دەس لەكاروبارتان وەربدەم! بەڵام كە ئێوە ئەوەندە بەدفەڕبن، ئیتر ناچارم، لەنائومێدیدا بڕیاری خۆم بدەم! . هەردوو براو و ئەو خەڵكەی لەتەكیاندا هاتبوونە خزمەتی جەنابی راوێژکار، هەرهەموو خەجاڵەت و شەرمەزار و چاو بەرەوژێرو سەر شۆڕ، دەستەونەزەر راوەستابوون.. گوێ قوڵاغ بوون تا دوا بڕیاری جەنابیان ببیستن!: گوێبگرن!! ئەوەی دەیڵێم نایڵێمەوە و كەم و زیادی نییە! بە هارمۆنی، لەگەڵ زەڕەی پڕ ئازاری هەردوو گوێدرێژە داماوەکەدا، هەموو پێکەوە دەنگیان هەڵبڕی: فەرموو قوربان..  ئەمرت بەچییە؟ جەنابی مەعالییان بە دەنگێکی دلێر کە یەک زەڕڕە گومانی تێدا نەبوو، فەرمووی: ئیتر نامەوێ‌ بەم كێشەیەوە سەرقاڵمكەن! خۆ خوا منی هەر بۆ ئێوە دروستنەكردووە، هەزارو یەک مەشغەڵەت و مەسڵەحەتی خەڵک چاوەڕێمن! پاش لێكدانەوە و تێڕامان لەباری نالەباری ئەم دوو برایەی لە گوێدرێژەكانیان کەرترن، بڕیارمدا گوێدرێژە سپییەكە بۆ برا گەورە و گوێدرێژە دێزەكەیش بۆ برا گچكەبێ‌ و بڕایەوە! فەرموون ئیتر بڵاوەی لێبكەن. بەجارێ‌ بوو بە هوتافكێشان و سەڵاوات لێدانێ‌ ئەو سەری دیار نەبێ‌. سێ‌ شەو و سێ‌ رۆژ شایلۆغان و زەماوەند بەدەهۆڵ و زوڕنا و یاپراخ و دووگی چەورەوە سەرجەمی ئەو گوندانەی دەورووبەری گوندی راوێژتەپەی گرتەوە!!