تیمی قەیرانی لەناکاو لە عێراق پێکدەهێنرێت

دوو ئامانجی سەرەکی لە پێکهێنانی لیژنەکە هەن

K24 - هەولێر

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە شاری ناسریەی عێراق، لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان لایەنگرانی سەدر و بەشێکی خۆپیشاندەران، مستەفا کازمی رایگەیاند "ئەو پێشهاتە بەداخە، پێویستی بە هەڵوێستێکی بەرپرسانەی هەموو ئاستەکان هەیە".

لە بەیاننامەیەکدا، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی رۆژی شەممە، (28-11-2020) رایگەیاند "لیژنەیەکی باڵا لە حکومەتی ناوەندی بە ناونیشانی تیمی قەیرانی لەناکاو پێکدێت، کە دەسەڵاتی ئیداری و دارایی و ئەمنی پێدەدرێت بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانی مەدەنی و دامەزراوەکانی دەوڵەت و موڵکی تایبەت".

کازمی روونی کردەوە، ئەو لیژنەیە کاردەکات بۆ ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز رووبەڕووی دەوڵەت نەبنەوە، هەروەها رێگا لە هەموو ئەو کەسانە دەگرێت، کە رەنگە تۆوی فیتنە بچێنن.

لەگەڵ تووندووتیژییەکانی خۆپیشاندانەکان، دوو لیوای سەربازی نێردراونەتە شاری ناسریە، سەنتەری پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق تاوەکو پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایش بکەن.

دوایین ئاماری کوژراوانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی نێوان لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و خۆپیشاندەران، لە شەوی هەینی رابردوو، گەیشتووەتە حەوت کوژراو.

ئێوارەی هەینی، شەڕ لەنێوان لایەنگرانی بزووتنەوەی خۆپیشاندەرانی گەنج کە لە ئۆکتۆبەری 2019ـەوە دروست بووە، لەگەڵ لایەنگرانی سەدر دروست بوو، بەجۆرێک لایەنگرانی سەدر هاتوونەتە گۆڕەپانی خۆپیشاندان بۆ نیشاندانی هێزی سیاسیی رەوتەکەیان، چالاکوانان و خۆپیشاندەران لایەنگرانی سەدر تۆمەتبار دەکەن بە تەقەکردن لێیان و سووتاندنی چادرەکانیان لە شوێنی سەرەکیی گردبوونەوەیان، کە گۆڕەپانی حەبووبی بوو لە ناوەڕاستی شاری ناسریە.

لایەنە تەندروستییەکانی شارەکە دەڵێن، شەڕ بەدرێژایی شەوی هەینی و بەرەبەیانیی شەممە بەردەوام بووە، پێنج کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەوانە بوون کە گوللـەی راستەوخۆیان بەرکەوتووە، ئەمەش جگە لە برینداربوونی زیاتر لە 60 کەس کە برینی بەشێکیان سەختە.

هەر بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، حازم حازم، فەرماندەی پۆلیسی زیقاریان لەکارەکەی دوورخستەوە، هەروەها هەر ئەوکاتە قەدەغەی تەواوی هاتووچۆیان راگەیاند.

شاری ناسریە، یەکێکە لە شوێنە سەرەکییەکانی عێراق، کە لە مانگی ئۆکتۆبەری 2019 خۆپیشاندانی فراوان لێی سەریهەڵدا، خۆپیشاندەران زۆربەیان گەنجن و داوا دەکەن، گەندەڵی نەمێنێت و حیزبەکان لە حکومەت دووربخرێنەوە.