ترەمپ جارێکی دیکە لە پەنسلڤانیا شکستیهێنا

دادگای باڵا با داواکارییەکی کۆمارییەکان تووشی سەرسوڕمان بووە

 K24 - هەولێر

دادگای باڵای ویلایەتی پەنسلڤانیا رۆژی شەممە سکاڵایەکی نوێی رەتکردەوە، کە لەلایەن تیمی کامپەینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ پێشکەشی کرابوو سەبارەت بە ئەنجامدانی سەرپێچی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بەمەش دادگاکە هەموو ئەگەرێکی بۆ گۆڕانی ئەنجامی هەڵبژاردن لەو ویلایەتە، شکست پێهینا.

بەپێی سکاڵاکەیان، کۆمارییەکان داوایان دەکرد ئەنجامی دەنگدان لەڕێگەی پۆستەوە رەتبکرێتەوە، یان ئەنجامی هەموو دەنگدانەکە لە ویلایەتی پەنسلڤانیا رەتبکرێتەوە و یاسادانەرانی ویلایەتەکە خۆیان براوەی هەڵبژاردن دیاری بکەن. ئەمەش لەکاتێکدایە جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بە جیاوازیی 81 هەزار دەنگ، لەو ویلایەتە بەسەر دۆناڵد ترەمپدا، سەرکەوتووە.

دادگاکە، هەردوو داواکاریی رەتکردەوە، بەڵام بە داواکارییەکەی دووەم تووشی سەرسوڕمان بووە و دەڵێ "ئامانج لەو داواکارییە ئەوەیە؛ "دەنگی 6.9 ملیۆن کەس لە ویلایەتی پەنسلڤانیا، بێدەنگ بکرێت".

سکاڵاکەی کۆمارییەکان تانە لە یاسایەک دەدات، کە لە ساڵی 2019 دەنگی لەسەر دراوە و، پەیوەندیی بە دەنگدان هەیە لەڕێگەی پۆستەوە لەو ویلایەتە.کۆمارییەکان لە سکاڵاکەیاندا دەڵێن "ئەو یاسایە، نادەستوورییە".

دادوەرانیش لە حوکمەکەیاندا دەڵێن، ئێستا درەنگە بۆ تانەدان لەو یاسایە، لەکاتێکدا ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر دەرچوون و کارپێکردنی، کەچی لەکاتێکە کە "ئەنجامی هەڵبژاردنەکە روونبووەتەوە".

لە 24-11-2020 ویلایەتی پەنسلڤانیا سەرکەوتنی جۆو بایدنی بە فەرمی راگەیاند، بەڵام ئەو سکاڵایە نوێیەی کۆمارییەکان تانەدان بوو لەو بڕیارەش.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێنجشەممەی رابردوو لە توویتەر نووسیبووی "ئەو هەڵبژاردنە بەڕێژەی 100٪ ساختە بوو"، هەروەها باسی لە چەند پیلانگێڕییەکی دیکە کرد سەبارەت بە بردنەوەی بایدن، لەکاتێکدا زۆربەی سکاڵاکانی لە زۆربەی دادگاکانی ئەمەریکا بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، شکستیان هێناوە.

لە بەرامبەردا بایدن دەڵێ، "ئەمەریکییەکان رێگە نادەن، رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا نەگیرێت"، کە 3ـی ئەم مانگە ئەنجامدرا.