بەشی راوێژكاریی تایبەت بە ئافرەتان و خانمانی دووگیان لە ھەولێر كرایەوە

بە گوژمەی 128 ملیۆن دینار
kurdistan24.net


K24 - هەولێر

بەگوژمەی 128 ملیۆن دینار، بەشی راوێژكاریی تایبەت بە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و ئافرەتان لە ھەولێر كرایەوە. بە كردنەوەی ئەم بەشەش خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشی خانمانی دووگیان دەكرێت.

كردنەوەی بەشی راوێژكاریی تایبەت لەنێو تاكە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوون لە ھەولێر، بەشێكی زۆری گرفتەكانی تایبەت بە نەخۆشییەکانی ئافرەتان و لەدایكبوونی منداڵان چارەسەر دەكات.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوونی ھەولێر ھەرچەندە ئاماژە بەوەدەكات تەنیا یەك نەخۆشخانە بۆ ئەو ژمارەیەی دانیشتووانی ھەولێر و دەوروبەری كەمە، بەڵام دەشڵێ، ئەم بەشە نوێیە كە تایبەتە بە راوێژكاری، بۆ ئەوان گرنگە.

شادان شێروان حەیدەری، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون بە کوردستان24ـی راگەیاند "پێشتر دوو بەشی راوێژکاری هەبوون، ئێستا بووەتە چوار راوێژکاری بۆ ئافرەتانی سکپڕ و نەخۆشانی شەکرە. رەنگە لەهەمان کاتدا ئەو ئافرەتەی سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکات، پێویستی بە راوێژی نەشتەرگەریی: گشتی، هەناو، گورچیلە یان میزەڕۆ بێت، واتا ئیدی لە هەمان شوێن چارەسەر دەکرێت. سۆنار، تاقیگە و دەرمانخانەمان هەیە، واتا کە دێت، دەتوانین هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستیی پێشکەش بکرێت، تەنیا ئەوەی حاڵەتەکەی لەناکاو بێت، دەچێتە هۆڵی لەدایکبوون".

بەشی راوێژكاریی تایبەت بە ئافرەتان و خانمانی دووگیان، بە ھاوكاریی رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی و بەڕێوبەرایەتیی گشتی تەندروستی ھەولێر و لایەنی پەیوەندیدار و ناوەندی ھەماھەنگی قەیرانەكان کراوەتەوە، بە 5 پسپۆری تایبەتی ئافرەتان و لەدایكبوون، ئەمەش ھەنگاوێكی دیکەیە، كە لایەنی تەندروستی گرینگی پێداوە بۆ خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییان.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ھەولێر دەڵێ "رۆژانە نزیکەی 200 تاوەکو 250 ئافرەتی نەخۆش و دووگیان سەردانی نەخۆشخانەی لەدایکبوون دەکەن، شوێنی پێشوویان بچووک بوو و ئەو هەموو خەڵکەی لەخۆنەدەگرت و زۆر قەرەباڵغ بوو، بەڵام ئەوەی ئێستا، دەتوانرێت گشت پسپۆڕییەکان لێی دابنیشن. پێشتر تەنیا پسپۆڕیی لەدایکبوون و ئافرەتان دادەنیشتن، بەڵام لەمەودوا دەکرێت پسپۆڕییەکانی دیکەی وەکو: هەناو، دڵ و گورچیلە و ئەو پسپۆڕییانەی پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی ئافرەتان هەیە، دەتوانرێت لێرە خزمەتگوزارییان بۆ دابینبکرێت".

بەپێی ئامارەكانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی ھەولێر، مانگانە نزیكەی 3000 ئافرەتی دووگیان سەردانی نەخۆشخانەی لەدایكبوونی هەولێر دەكەن و لە یەك مانگی رابردوو 1325 منداڵ بە سرووشتی لەو نەخۆشخانەیە لەدایكبوون، 640 منداڵیش بە رێگەی نەشتەرگەری.

ھەرچەند پێشتر بەشی راوێژكاری بە شێوەی جیاجیا لەناو نەخۆشخانەكەدا ھەبووە، بەڵام بە كردنەوەی بەشی راوێژكاری تایبەت، جیا لە پسپۆڕی زیاتر، ھەموو بەشەكانی تایبەت بە خانمانی دووگیان لە یەك شوێنە و ئاسانكاریی تەواویش دەكرێ بۆ خزمەتگوزاری زیاتر.

 

هـ.ر.