لەبارەی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پەرلەمان بۆچوونی خۆی ئاشكرا دەكات

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا راپۆرتێك دەداتە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا

K24 - ھەولێر

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە و راپۆرتێك لەبارەی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و چارەنووسی خوێندن دەداتە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە تەلاری پەرلەمان رایگەیاند: "كۆبوونەوەكە لەسەر دوو تەوەر دەبێت، یەكەمیان گفتوگۆكردنە لەبارەی ئامادەكردنی راپۆرتێكە سەبارەت بە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، بۆ ئەوەی بیدەنە لیژنەی باڵای رووبەڕووی كۆرۆنا، كە ئایا سەرەتای مانگی داھاتوو دەرگای قوتابخانەكان بكرێنه‌وه‌ یان بە داخراوی بمێننه‌وه‌ تا بۆ كاتێكی گونجاو. تەوەری دوومیش دەربارەی ھاتنی ھەردوو وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵایە بۆ پەرلەمانی كوردستان لە ھەفتەی داھاتوو، كە پێشنیازەكان لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەخرێنەڕوو".

عەبدولسەلام دۆڵەمەری، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، بە كوردستان24ی گوت: "لە كۆبوونەوەكەدا راپۆتێك ئامادە دەكەین و بۆچوون و پێشنیازی خۆمان لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، دەدەینە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، ئێمە پێمان باشە دەرگای قوتابخانەكان تا سەرەتای ساڵی داھاتوو بە داخراوی بمێننه‌وه‌، چونكە وەك دەزانین ھێشتا كۆرۆنا ھەڕەشەی جددییە لەسەر ژیانی خەڵك و ناكرێ بە كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان ئەم بڕیارە بدرێت".

گوتیشی: "بۆ زانكۆكان كە مامۆستا و قوتابیان زیاتر پابەندی رێنماییەكان دەبن، ھەروەھا ئەوان سیستمی ئاوێتە پەیڕەو دەكەن، ئێمە پێشتریش بەدواداچوونمان كردووە، بۆیە پێمان باشە  لەسەر دەوامی خۆیان بەردەوام بن".

سەرۆكی لیژنەی باڵا و خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشدا: "لە كۆبوونەوەی ھەفتەی داھاتوو بە ئامادەبوونی ھەردوو وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی خوێندن و پلانی ئەوان بۆ داھاتوو دەكەین، ھەروەھا چەندین پرسی دیكەی پەیوەست بە پەروەردە و خوێندن تاوتوێ دەكرێن".