عێراق: داوا لە ئۆپێک ناکەین لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بمانبەخشێت

کاریگەری رۆڵی هەبووە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

K24 - ھەولێر

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق پێشبینی دەکات نرخی نەوت لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە روو لە بەرزبوونەوە بکات و روونیشی دەکاتەوە وەزارەتەکەیان هەوڵدەدات یەکەم گرێبەستی پێشوەختە بە فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت بە 48 دۆلار ئەنجامبدات.

ئاماژە بەوەشدەكات، کە داوایان لە ئۆپێک نەکردووە لە رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان عێراق بیبەخشیت.

وەزیری نەوت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کە وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لەسەری رێککەوتوون، ئامانج لێی سەقامگیری و هاوسەنگی بازاڕی نەوتییە،و ئەنجامەکانی رێککەوتنەکە ئەرێنیی بووە، سەرەڕای لێکەوتەکانی کۆرۆنا لە جیهان رێککەوتنەکە توانیویەتی بە رێژەیی نرخی نەوت بەرزبکاتەوە.

وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت، پەرۆشی وڵاتانی ئەندام بە پابەندبوون و کەمکردنەوەی ئەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە، بە شێوەیەکی کاریگەر رۆڵی هەبووە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.