حكومەت چاكسازی لە كەرتی دەرمان دەستپێكرد

لەمەودوا تەنیا رێگە بە ھاوردەكردنی دەرمانی 35 وڵات دەدرێت

K24- ھەولێر:

لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی چاکسازی لە کەرتی دەرمان دەستیپێکرد,وە و یەکێك لە چاکسازیەکان ئەوەیە، هەرێمی کوردستان تەنها رێگە دەدات دەرمان لە 35 وڵاتەوە هاوردەی هەرێم بکرێت، بڕیاریشە کۆگایەکی نیشتیمانی بۆ هەڵگرتنی دەرمان و لیستی نیشتیمانی دەرمان ئامادە بکرێت و تەواوی ئەو دەرمانانەى رێگە پێدراون بڵاوبکرێنەوە، ئەم بڕیارانەش دەبنە هۆی دابەزاندنی نرخی دەرمان لە هەرێمی کوردستان.

لە چوارچیوەی چاکسازیەکانی کابینەی نۆیەم لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت هەنگاوی چاکسازی گەشتووەتە کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمانی هەرێمی کوردستان. چاکسازیەکان کوالیتی، نرخ، شێوازی هەڵگرتن و پشکنین دەگرێتەوە لە چوارچێوەی ئەو چاکسازیانەدا. بۆ لەمەودوا تەنها رێگە دەدرێت دەرمان لە 35 وڵات هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت و بڕیاریشە لیستێکی نیشتیمانی بۆ دەرمان لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.

دوای پێشنیازەکانی لیژنەی دەرمان له‌ پەرلەمان، حکومەت و وەزارەتی تەندرووستی ژمارەیەك بڕیاریان دەرکردووە، کە بۆ لەمەودوا ئەگەر هەر دەرمانێك ژمارەیەك بڕوانامەی نێودەوڵەتی نەبێت؛ رێگە نادرێت بێتە هەرێمی کوردستان و بۆ هیچ کۆمپانیایەکی دەرمانیش نییە خۆی ئەو ماددەیە بهێنێتە کوردستان، کە پشکنین بۆ کوالیتی دەرمانەکە بکات. لە چوارچێوەی چاکسازیەکان بۆ ئەوەی پشکنینی دەرمان خێرا بکرێت و لە کۆگاکان نەمێنێتەوە دەوامی پشکنینەکانی کوالیتی کۆنترۆڵ دەکرێتە دوو شیفت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆی 290 کۆمپانیای بواری دەرمان 33 کۆمپانیای خستووەتە لیستی رەشەوە و بۆیان نییە جارێکی دیکە دەرمان هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەم بڕیارانە دەبنه‌ هۆی ئەوەی دەرمانی کوالیتی نزم نەهێندرێتە هەرێمی کوردستان، چەند رێکارێکی حکومەتیش وا دەکات نرخی دەرمان دابەزێت.