هەڵمەتی کوتانی منداڵان دژی نەخۆشی ئیفلیجی دەستیپێکرد
K24- ھەولێر:
ھەڵمەتی کوتانی منداڵان بۆ وەرزی زستان دژی نەخۆشی ئیفلیجی راگەیاندرا و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە درێژەی ھەڵمەتەکەدا بڕیار وایە زیاتر لە 232 ھەزار منداڵ بکوترێن
وەزیری تەندروستیش گوتی: ھەرچەندە بارودۆخی کۆرۆنا ڕێڕەوی ژیانی گۆڕیووە، بەڵام کوتانی منداڵان گرنگە و لە ھەر بارودۆخێکدا بین دەبێت ئەنجامی بدەین و ناكرێت ئەم لایەنە فەرامۆش بكرێت.
سوعاد ئەحمەد، سەرپەرشتیاری تیمی کوتان، 12 ساڵە ئەم کارە دەکات لە بارودۆخە سەختەکانیشدا ئەو بەردەوامە، سەرپەرشتی 232 گروپی کوتانی منداڵان دەکات ئێستاش دەستیان کردووە بە ھەڵمەتێکی دیكەی پێنج ڕۆژە بۆ کوتانی منداڵان دژی نەخۆشی ئیفلیجی
سوعاد ئەحمەدگوتی: ھەوڵدەدەین لەگەڵ کوتانی منداڵان زانیاری لەسەر نەخۆشیەکەش بە دایکان بدەین.
ھەڵمەتی کوتان، منداڵانی تەمەن 1 ساڵ تا 5 ساڵ دەگرێتەوە و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستیش بەشداربوو لە ڕاگەیاندی ھەڵمەتەکە و گوتی: ڕاستە بارودۆخەکە تەواوو لەبار نییە بۆ دەستپێکردنی ئەم ھەڵمەت؛ بەڵام ناکرێت کوتانی منداڵان پشتگوێ بخرێت.
106 پزیشکی پسپۆڕ سەرپەرشتی ھەڵمەتی کوتانی ئیفلیجی منداڵان دەکەن و 286 ئۆتۆمبێلی گەڕۆک بەشدار دەبن بڕیاریشە لە %100 منداڵانی ھەرێمی کوردستان بکوترێن کە ژمارەیان 232 ھەزار و 751 منداڵە.