دەرزییە گرانبەهاکانی چارەسەری کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی بەسرە دزران

دەستەی دەستپاکی: لێکۆڵینەوە لە 10 دۆسیە دەکەین

K24 - هەولێر

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، بەدواداچوونیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە؛ لە نەخۆشخانەی بەسرەی فێرکاری، دەرزیی گرانبەهای کۆرۆنا لەلایەن فەرمانبەرانەوە دزراون.

فەرمانگەی بەدواداچوونی دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کارمەندەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی پارێزگای بەسرە، لە میانی لێکۆڵینەوەیان لە نەخۆشخانەی فێرکاری، 10 دۆسیەیان کردووەتەوە کە تایبەتن بە دزرانی دەرزیی ئەکتیمێرا ڤیالی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەپێی بەیاننامەکەی دوێنێ (شەممە، 28-11-2020)ـی دەستەی دەستپاکی، کارمەندانی نەخۆشخانەکە ئەو دزیەیان کردووە، لەکاتێکدا دەرزییەکان گرانبەهان و نرخی هەر دەرزییەک، دەگاتە یەک ملیۆن و 250 هەزار دیناری عێراقی.

فەرمانگەی بەدواداچوونی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش داوە، دۆسیەیان رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوە کردووە، کە تایبەتە بە دۆسیەی دەستپاکی لە بەسرە و رێوشوێنی یاسایی پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

دزرانی ئەو دەرزییانە لەکاتێکدایە، عێراق یەکەمی وڵاتانی عەرەبییە لەڕووی زۆریی ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا و تائێستا 549 هەزار کەس تووشی پەتاکە بوون، هەروەها 12 هەزار و 200 کەسی دیکە بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. 

هـ.ر.